بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوە ئاگادارەكان لە حکوومەتی سووریا بە "العربية/الحدث"ـیان ڕاگەیاندوە، مەزڵووم عەبدی لەگەڵ نوح یەڵماز، باڵیۆزی تورکیا لە سووریا لە دیمەشق کۆ بووەتەوە كە پێشتر جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا بوو.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆسیەی پڕۆسەی ئاشتی کراوە کە حکوومەتی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە بەڕێوەی دەبات؛ تێیدا یەڵماز لەگەڵ فەرماندەی "هەسەدە" تاوتوێی لێکەوتەکانی ئەم دۆسیەیەیان لەسەر کوردانی سووریا کردوە، بەتایبەتی سەبارەت بە چوونە دەرەوەی کادرانی پێشووی پارتەکە لە ناوچەکانی سووریا.
هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە کە هەردوولا پرسی چوونە دەرەوەی ئەم کادرانەیان لە چوارچێوەی ڕێکخستنی فراوانتردا تاوتوێ کردوە، کە هاوتەریب لەگەڵ ڕێڕەوی سیاسی و ئەمنیدا کاری لەسەر دەکرێت لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هێزەکانی "هەسەدە" لەنێو دامەزراوەکانی حکوومەتی سووریا.
بەگوێرە ئەو میدیا عەرەبیانە، باڵیۆزی تورکیا بە عەبدی ڕاگەیاندووە کە ئەگەری هەیە ئەنقەرە لە داهاتوودا پێشوازی لێبكات، ئەمەش هەنگاوێکە کە گوزارشت لە کرانەوەیەکی مەرجدار دەکات لەلایەن تورکیاوە بەرامبەر بە "هەسەدە"، کە ئەنقەرە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک تۆمەتباری دەکرد بەوەی درێژکراوەی پەكەكەیە و مەزڵوومیش لە تورکیا وەک داواکراو هەژمار دەکرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، یەڵماز جەختی لەسەر پێویستی خێراکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی "هەسەدە" کردوەتەوە، وەک بەشێکی سەرەکی لە تێگەیشتنەکانی پەیوەست بە داهاتووی سووریا و قۆناغی ڕاگواستن کە وڵاتەکە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کانونی یەکەمی ۲۰۲۴ـەوە بەخۆیەوە دەبینێت.
لە بەرامبەردا، "هەسەدە" هیچ لێدوانیكی لەسەر ئەم دزەپێکردنە زانیارییانە نەداوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیەی ڕەتنەکردوەتەوە، کە یەکەمین کۆبوونەوەیە لە جۆری خۆی لە دیمەشقی پایتەخت، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر و پێش زیاتر لە ساڵێک، بەرپرسانی "هەسەدە" لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە پاریس کۆببونەوە.
عەبدی هەفتەی ڕابردوو بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی ئاشکرا سەردانی دیمەشقی کردبوو، و لە وێنەیەکی نوێدا دەرکەوت کە دوەمین وێنەیە لەگەڵ سەرۆکی سووریا کۆی دەکاتەوە، لەوەتەی ڕێککەوتنە بەناوبانگەکەی نێوانیان لە ۱۰ی ئازاری ساڵی ۲۰۲۵ واژۆ کراوە.
Your Comment