بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لە محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق کرد.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، فوئاد حوسێن سوپاسی ئێرانی کردووە لە بەرامبەر رێگەدان بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانەی نەوتی عێراق دەگوازنەوە بە تەنگەی هورمزدا و ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوامیی ئەو هاوئاهەنگییە لە داهاتوودا زۆر گرنگە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەش کراوە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەم پابەندییە بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بکات؛ هەروەها تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی کراوە.
فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردوەتەوە کە عێراق خاوەن سیاسەتێکی نەگۆڕە لە رەتکردنەوەی شەڕ و پێویستیی کۆتاییهێنان بە ململانێکان؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەبێت کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنی ئاشتییانەوە چارەسەر بکرێن.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتی: "ناوچەکە پێویستی بە جێبەجێکردنی رێبازێکی گفتوگۆی کراوە و ژیرانەیە تاوەکو دەرفەتی هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە زیاتر بێت و سەقامگیرییەکی هاوبەش بەدی بێت."
باڵیۆزی ئێرانیش هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە شەڕەکە خستەڕوو.
Your Comment