پەرلەمانتارانی عێراق داوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکەن

زیاتر لە ۲۲۰ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوایەکی فەرمییان ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی دانیشتنی رۆژی دووشەممەی داهاتوو، ۳۰ـی ئاداری ۲۰۲۶، تەرخان بکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆکانیان کردووە، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کردووە، "ئێمە وەک ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق و بۆ راییکردنی شایستە دەستوورییەکان و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی قۆناخی ئێستا، بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بخاتە کارنامەی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە و هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار بە واتای "پەکخستنی رێڕەوی شایستە دەستوورییەکان" دێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر کارەکانی دەسەڵاتە دەستوورییەکان دروست دەکات.
پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوەش کردووە، پێویستە پەلە بکرێت لە تەواوکردنی ئەم شایستە نیشتمانییە گرنگە، بە مەبەستی زامنکردنی سەقامگیریی پڕۆسەی سیاسی و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و نوێنەرەکانیان.
لە کۆتایی داواکارییەکەدا، پەرلەمانتارەکان داوایان کردووە هەموو رێکارە پێویستەکان بگیرێنە بەر بۆ ئەوەی دانیشتنەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و کۆتایی بە کێشەی بەتاڵمانەوەی ئەو پۆستە باڵایەی وڵات بهێنرێت.
لە ۱۱ـی ۱۱ـی ۲۰۲۵ەوە هەڵبژاردنی گشتیی لە عێراق بەڕێوەچووە بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی نوێ پێکنەهێنراوە، کە بەشێکی زۆری کێشەکە نێوا ماڵی شیعەبووە چونکە لەسەر کاندیدێک رێکنەکەوتوون، کاتێکیش لەسەر کاندیدێک رێککەوتن کە نووری مالیکی بوو، ئەمریکا رێگەی نەدا ئەو کاندیدەی سەرۆکوەزیران جارێکی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.

News ID 226965

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha