بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بڕیارێكی دەركردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئامادەكاری بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ.
لە وەڵامدا ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە كە باس لە دەركردنی بڕیار بۆ هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان یان سازدانی هەڵبژاردن دەكەن یاخود دەستپێكردنی هەڵمەتێک دەكەن بۆ كۆكردنەوەی ملیۆنێک ئیمزا لەپێناو رێگەخۆشكردن بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
بەیاننامەكە باسلەوە دەكات، ئەو پروپاگەندانەی لەبارەی ئەم بابەتەوە بڵاوكراونەتەوە پشتیان بە "ماڵپەڕێكی ساختە" بەستووە كە بەناوی دادگاوە دانراوەو گوزاشت لە هەڵوێستی فەرمی ناكات.
بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە دەنگۆیانە لەكاتێكدایە عێراق تووشی جۆرێک لە "بنبەستی سیاسی" بووەو، هێزە سیاسییە براوەكانی هەڵبژاردنی كۆتاییەكانی ۲۰۲۵ نەیانتوانیوە رێكارە دەستورییەكان تەواو بكەن، لەوانە هەڵبژاردنی سەرۆک كۆمار و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕەتیدەكاتەوە بڕیاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران یان سازدانی هەڵبژاردن دەركردبێت.
News ID 226963
Your Comment