ڕێککەوتنەکەی ئەمدواییەی هەسەدە و دیمەشق هەنگاوێکە بۆ ڕێگری کردن لە پشێوی

ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا، هەنگاوێکە بۆ کۆتاییهێنان بەگرژییەکان و ڕێگریکردن لەپشێوی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی سووریای دیموکرات بەیاننامەیەکی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکان و ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەم ڕێککەوتنە لەچوارچێوەی رێڕۆیێکی ئاڵۆزدایە کە ئامانجی ئامادەکردنی زەمینەیە بۆ قۆناغێکی سیاسیی نوێ کە پێویستی بەچارەسەری ریشەییە، نەک تەنیا بەڕێوەبردنی ئەنجامی ململانێکان".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەر لێکتێگەیشتنێکی سیاسی یان ئەمنی تەنیا لەرێگەی پابەندبونی کردەیی بەپاراستنی خەڵکی سڤیل، زامنکردنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارەکان و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەڵدەسەنگێندرێت."

ئاماژەی بەوە کردوە، مامەڵەکردنی ئەوان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر بنەمای دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەیە، بەو ئامانجەی لەلۆژیکی بەڕێوەبردنی شەڕو جوگرافیاوە بەرەو کاری سیاسیی نیشتمانی و بنیاتنانی تەباییەکی بەرفراوانی نێوان لایەنە سورییەکان هەنگاو بنرێت.

ئەنجومەنی سووریای دیموکرات بەتوندی دژی بەکارهێنانی توندوتیژی و بژاردەی سەربازییە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و دەڵێت: "ئەو گرژییە سەربازییانەی لەکەناراوەکانی سووریا، سوەیداو دواتر لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕویاندا، دواتریش رێککەوتنی کاتییان لێکەوتەوە، نیشانەی ڕاکردنە لەبەرپرسیارێتیی سەرەکی بۆ سەرخستنی قۆناخی گواستنەوە و بنیاتنانی رێڕەوێکی نیشتمانی گشتگیر".

هەسەدە جەختی لەوە کردوەتەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بەدوبارە بنیاتنانەوەی متمانە لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریا، رێگری لەئاشووب و بەهێزکردنی هاوبەشیی عەرەب و کورد" هەیە.

هەروەها دەشڵێت: هێزە مەدەنی و سیاسییەکان گەرەنتی ڕاستەقینەی یەکپارچەیی و سەقامگیری وڵاتن، بەبێ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، مەسەدە دووپاتیکردوەتەوە کە پابەندە بەپەیوەندییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیری، بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو پاراستنی ئازادییەکان.

ئەنجومەنی سووریای دیموکرات دەشڵێت: "ئەوەی ئەمڕۆ سووریا بەخۆیەوە دەبینێت کۆتایی رێگەکە نییە، بەڵکوو ساتەوەختێکی وەرچەرخانە کە وا دەخوازێت هەموو هێزە دیموکراتەکان ڕیزەکانیان رێکبخەنەوە بۆ بەرگریکردن لە خواستی سوورییەکان بۆ گەیشتن بەئازادی، کەرامەت و دادپەروەری".

News ID 226809

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha