بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رەزا ئەنساری، جێگری وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران لە کاتی سەردانیکردنی شاری مەهاباد لە رایگەیاند: پەرەپێدانی شاری پیشەسازیی مەهاباد یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی وەزارەتەکەیان و بڕیارە زەویی زیاتری بۆ تەرخان بکرێت.
لەبارەی وردەکاریی فراوانکردنەکە، ئەنساری وتی: "۸۰ هێکتار زەوی بۆ شاری پیشەسازیی مەهاباد تەرخانکراوە؛ بەشێکی ئەمساڵ دەخرێتە سەر ڕووبەرەکەی و بەشەکەی دیکەشی ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت".
جێگری وەزیری پیشەسازیی ئێران ئاماژەی بە بوونی کێشەی کارگە لەکارکەوتووەکان کرد و وتی: ۳۰ کارگەی ناچالاک لە شاری پیشەسازیی مەهاباد هەن کە زەوییان وەرگرتووە، بەڵام کاری تێدا ناکەن و پێویستە بەزووترین کات چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە.
هەر لەو سەردانەدا سەلام ستوودە، نوێنەری مەهاباد لە پەرلەمانی ئێران باسی لە کێشەی کەمئاویی شارە پیشەسازییەکە کرد. ستوودە داوای کرد پرۆژەی دروستکردنی کۆگایەکی ئاو بە توانای پێنج هەزار مەتر سێجا لە ماوەی هەشت مانگی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.
محەممەدسادق ئەمیرعەشایری، قایمقامی مەهاباد داوای کرد پرۆسەی کڕینی زەوییەکانی دەوروبەری شارە پیشەسازییەکە خێرا بکرێت، تاوەکو زەمینەی گونجاو بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی لە شارەکە بڕەخسێت.
شاری پیشەسازیی مەهاباد دەکەوێتە ۱۸ کیلۆمەتری باکووری شارەکە و لەسەر رێگەی مەهاباد - میاندواوە. ڕووبەری ئێستای شارەکە ۱۸۰ هێکتارە و ۱۱۵ کارگەی تێدایە کە تەنیا ۷۷ کارگەیان کار دەکەن.
Your Comment