کوردپرێس: به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی باره‌گای بارزانی، سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له دیدارێکدا له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ ده‌یڤد پێتریۆس سه‌رۆکی پێشووی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریکا چەند بابەتی گرینگی عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
له دیداره‌که دا جه‌نه‌راڵ ده‌یڤد پێتریۆس "ستایشی ڕۆلی به‌رچاوی مه‌سعوود بارزانی و هه‌رێمی کوردستانی کرد که له پێناو پاراستنی سه‌قامگیری و ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان و عێراق و ناوچه‌که و له‌پێناو به‌دیهێنانی ئارامی و دیموکراسی و پێکه‌وه‌ژیان، ڕووبه‌ڕووی ئه‌و گرووپ و رێکخراوه تیرۆرستیانه بوونه‌وه که دوای ساڵی ۲۰۰۳ له عێراق سه‌ریانهه‌ڵدا و بوونه هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه بۆ سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌که و جیهان".
لای خۆیه‌وه مه‌سعوود بارزانی سوپاسی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریکای کرد که ڕۆڵێکی به‌رچاویان بینیوه له پڕۆسه‌ی ئازادکردنی عێراق له دیکتاتۆرییه‌ت و دوای ئه‌وه‌ش پاڵپشتییه‌کانیان بۆ هێزی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌کانی عێراق له‌پێناو به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر و پاراستنی سه‌قامگیری عێراق و هه‌رێمی کوردستان.
له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق، مه‌سعوود بارزانی جه‌ختی له جێبه‌جێ کردنی بڕگه‌کانی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق کرده‌وه که "ڕێگه‌ی چاره‌ی یه‌کجارییه بۆ رزگاربونی عێراق له‌و ته‌نگه‌ژه سیاسییانه‌ی که تێیدایه" و هیوای خواست هه‌مو لایه‌نه سیاسییه‌کان پێکه‌وه به‌دوای چاره‌سه‌ری گرفته‌کانه‌وه‌بن و واز له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و ڕق و کینه به‌رانبه‌ر به یه‌کتری بێنن. هه‌روه‌ها بارزانی ره‌شنوسی یاسای نه‌وت و گازی ساڵی ۲۰۰۷ـی به نمونه هێنایه‌وه که ئه‌گه‌ر ئه‌وکات په‌سه‌ند و جێبه‌جێبکرایه، له ئێستادا هیچ گرفتێکی یاسایی له‌باره‌ی نه‌وت و گاز نه‌ده‌بو و جه‌ختیشی له دوایین رێککه‌ونتی نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی فیدڕاڵی عێراق کرده‌وه له باره‌ی نه‌وت گاز و به ئه‌رێنی وه‌سفی کرد و هیوای خواست ئه‌م رێککه‌وتنه ببێته بناخه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌کان.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که به گشتی و دۆخی سووریا و هه‌نگاوه‌کانی پڕۆسه‌ی ئاشتیی له تورکیا خرانه به‌ر باس و گفتوگۆ.
Your Comment