بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە پانێلێکی دووەم رۆژی دیداری ساڵانەی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێ، بەشدار بوو و کۆمەڵێک مژاری وەک پرسی پێکهێنانی حکومەت، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پڕۆسەی چارەسەریی تورکیا خستە بەر باس.
سەلاحەدین بەهائەدین ئاماژەی بە ڕوانگەی خۆی لەبارەی ئۆپۆزیسیۆنبوون کرد و ڕایگەیاند: ''لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستوور یان یاسایەکی دروست بۆ چۆنێتیی پەیوەندی و مامەڵەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات نییە".
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی: ''لە عێراق نە دەسەڵاتداری بە دروستی دەکرێ و نە ئۆپۆزیسیۆنیش وەکوو پێویست هەیە، بۆیە باسی عێراق دەکەم، چوونکە ئەوەی لەوێ ڕوودەدات، لێرەش (هەرێمی کوردستان) رەنگ دەداتەوە".
سەلاحەدین بەهائەدین بۆ نەهێشتنی پەرتەوازەیی و یەکخستنەوەی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''چارەسەر بە رادیکاڵی و تووندڕۆیی ناکرێ، بەڵکوو دەبێ بە شێوەیەکی مەدەنی، سیاسی و هاوچەرخ دەست بۆ یەکدی درێژ بکەین".
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ''هەندێک پرسی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان هەن پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا لەسەری کۆک بن، بۆ ئەوەی بکرێت بە ستراتیژیی وڵات. لەوانەش نەتەوە، نیشتمان و پێکەوەژیان. ئەمە دۆخەکە بەرەو باشتربوون و لێکتێگەیشتنی زیاتر دەبات".
بەگوتەی سەلاحەدین بەهائەدین، لەنێوان خەڵک، ئۆپۆزیسیۆن و حکوومەت جۆرێک لە بێمتمانەیی هەیە، ''بە جۆرێک کە هەندێکجار حکوومەت کاری باش دەکات، بەڵام خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن متمانە بە کارە باشەکانیشی ناکەن".
لە بەشێکی قسەکانیدا سەلاحەدین بەهائەیدن ئاماژەی بە پڕۆسەکە کرد و گوتی، ''پرسێکی گرنگە بۆ گەلی ئێمە و دەستکەوتێکی گەورەیە. حەز دەکەین، بەشێوەیەکی ئەرێنی و مەدەنییانە، لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش گەلی ئێمە بە مافە دەستوورییەکانی خۆی بگات".
Your Comment