بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یاداشتێکی حەوت لاپەرەیی وەڵامی بەدواداچوونەکانی کاروان یاروەیس پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییکردن دەداتەوە، لەبارەی بوونی گەندەڵی و خراپ بەرێوەبردن و خزمەتگوزارییەکان و چۆنێتی پێشخستنی کەرتی فرۆکەوانی و فرۆکەخانەکان.
کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندیکردن بە "سبەی" راگەیاند: کەرتی فرۆکەوانی و فرۆکەخانەکان و کۆمپانیای هێلی ئاسمانی عێراقیە و دەسەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی عێراق، ڕووبەڕووی کێشەی زۆری بەرێوەبردن و هونەری و خزمەتگوازیی و گەندەڵی بۆتەوەو بەم هۆیەوە یەکێتی ئەورووپا سزای بەسەر عێراقدا سەپاندووە.
تێبینییەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی
یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی، تێبینیی لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراق و فڕۆکەکانی هەیە و تێبینییەکان کە پەیوەستن بە کاروباری سەلامەتییەوە، عێراقیان لێئاگادارکراوەتەوە.
تێبینییەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی لەبارەی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە لە ساڵی ۲۰۱۵ـەوە سەریانهەڵداوە و پەیوەستن بەو ڕێکارانەی کە لەسەر زەوی دەگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی فڕۆکەکان و چۆنێتیی کارکردنیان، هەروەها شێواز و چۆنێتیی پڕکردنی سوتەمەنی و چەند ڕێکارێکی دیکە کە ڕادەی پارێزراوی و سەلامەتیی فڕۆکەکان لە کاتی گەشتکردندا مسۆگەرتر دەکەن.
پێویستە عێراق ستانداردی نوێ جێبەجێ بکات
ساڵی رابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزیری ئاوەدانکردنەوەی راسپارد بەوەکالەت دەسەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی عێراق بەرێوەببات تا بتوانێت هەموو مەرج و داواکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ بکات تا سزای سەر عێراق هەڵبگرن.
بەپێی دوایین راپۆرتی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی، پێویستە عێراق ستانداردی نوێ جێبەجێ بکات بۆ سەلامەتی گەشتە ئاسمانییەکان، وەک بوونی پشکنەر بە ستانداردی نێودەوڵەتی.
پێشتر وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پلانێکی ڕاگەیاند
پێشتر وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پلانێکی راگەیاند بۆ پەرەپێدانی هێڵی ئاسمانی عێراقی ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بەسەرنشینان بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، ئەمە جگە لە پابەندبوون بە خشتەی کاتی گەڕانەوەی فڕۆکە ناچالاکەکان بۆ خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی سەرجەم گەشتەکان لە کاتی دیاریکراودا.
کاریگەری لەسەر فڕۆکەوانی عێراق هەیە
قەدەغەکردنی ئەوروپی کاریگەری لەسەر فڕۆکەوانی عێراق هەیە لە ڕووی ئابوری و خزمەتگوزارییەوە. جگە لەوەش هاوڵاتییانی عێراقی لە ئەوروپا، هەروەها ئەوانەی گەشت دەکەن بۆ عێراق، ناچارن لە رێگەی ترانزێتەوە گەشت بکەن وەک فڕۆکەخانەکانی ئیستانبوڵ و دەوحە بۆ ئەوەی بگەنە فڕۆکەخانەی بەغداد، ئەوەش کاتێکی زۆر دەخایەنێت، لەکاتێکدا گەشتی راستەوخۆ کاتێکی کەمتری پێدەچێت سەرباری تێچووی کەمتر.










Your Comment