چەک دانانی PKK نیشانەی ئاشتی و برایەتی و هاوکاری هاوبەش بوو

ئەمڕۆ سێشەممە، ۰۵ـی ئابی ۲۰۲۵، یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کە تایبەت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی نوێی ئاشتی دامەزرێنراوە، دەستیپێکرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: "پەرلەمانی وڵاتەکەمان ناوەندی چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکانە. ئەو کۆمیسیۆنەی بە بەشداریی نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەکان دامەزرێنراوە، کار بۆ نوێکردنەوەی دەستوور ناکات، بەڵکوو پەرە بە برایەتیی نێوان گەلانی وڵاتەکەمان دەدات و کار بۆ کۆتایهێیان بە تیرۆر دەکات".

کورتولموش لەبارەی ئەرکی کۆمیسیۆنەکە و پێشنیازی لایەنە سیاسییەکان، گوتی: "هیچ بابەتێک نییە باسی لێوە نەکرێت، تا ئەو کاتەی ئێمە ئامادەبین گوێ لە یەکتری بگرین، بە مەرجێک هەموو بۆچوونێک ئیرادەی یەکڕیزی و برایەتی لەخۆ بگرێت. لەگەڵ چەکدانانی تەواوەتی (پەکەکە)،  پێشنیاز و ئامادەکردنی یاسایی نوێ کە ئاشتی دەکاتە هەمیشەیی، لە ئەرکەکانی ئەم کۆمیسیۆنەیە." ئاماژەی بەوەش دا، دوای چەکدانانی پەکەکە "قۆناغێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و چەک دانان نیشانەی ئاشتی و برایەتی و هاوکاری هاوبەش بوو، لە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژووییداین. کۆمیسیۆنەکە ڕێکارەکانی پرۆسەکە خێراتر دەکات و ڕێکیان دەخاتەوە".

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوەش کرد، ماوەی نزیکەی ۵۰ ساڵە هەموو توانا داراییەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"ـدا خەرج دەکرێت و، وەکوو خۆی وتی: "تیرۆر بووەتە هۆی وڵاتەکەمان لە چەندان ڕووەوە بەرەو پاشەوە بچێت و ڕێگریی لە ئاوەدانکردنەوەی کردووە. ئەگەر تیرۆر نەبووایە، ئێستا لە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووتر دەبووین". گوتیشی "مەبەستمان لە 'تورکیای بێ تیرۆر' ناوچەیێکی بێ تیرۆر بونیات بنێین".

کورتولموش ئەوەشی خستەڕوو: "برایەتیی نێوان کورد و تورک سەدان ساڵ بەردەوام بووە و پێکەوە چەندان شەڕیان لە دژی دوژمنان کردووە. نەک تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکوو لە چەندان بواری دیکەشدا پەرەیان بە برایەتیی نێوانیان داوە. لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان، پێویستە پەرە بە برایەتیی نێوخۆمان و ئاشتی کۆمەڵایەتی بدەین تا داهاتووی وڵاتەکەمان پڕشنگدارتر بێت".

News ID 225871

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha