بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بارەگای بارزانی لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیی لە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی و ئەحمەد تورک و لەیلا زانا و سری ساکێک كرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هەنگاوانەی لە پڕۆسەی ئاشتیدا گیراونەتەبەر هەنگاوی گرنگن بە ئاراستەی دروست.
مەسعوود بارزانی باسی لەوەش كردوە، پڕۆسەی ئاشتی پێویستی بە پشودرێژی و وردبینی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی باش، 10 ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ و بە شەڕ و توندوتیژی کێشەکان چارەسەر ناکرێن و دەبێ پشت بە خەباتی سیاسی و دیالۆگ و یەکترقبوڵکردن و دیپلۆماسی ببەسترێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە، لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری، مەسعوود بارزانی ئەوەی لە توانایدا بێت درێخی ناکات و سەبارەت بە داواکارییان بۆ سەردانی بۆ لای ئۆجەلان ڕایگەیاند: لە هەلومەرجێکی گونجاودا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت. بارزانی داواشی کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا بن.
Your Comment