بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیەوە؛ پارتی پیرۆزبایی لە یەکێتی دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، ۱ـی حوزەیرانی ۲۰۲۵، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی ۵۰مین ساڵیادی دامه‌زراندنى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ یەکێتیی نیشتمانی به‌بۆنه‌ی یادی ۵۰ ساڵه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌ بەمشێوەیە:

بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەڕێزان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.

بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەكەین و هیوای بەردەوامیی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

لەو دەرفەتەدا جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە سەر هەماهەنگی و تەبایی نێوانمان و  شانبەشانی هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان بۆ بەجێگەیانی ئەرکە هاوبەشەکانمان لەم قۆناخە پڕ ئاڵنگاری و گۆڕانکارییە دا و پاراستنی دەسكەوتەكانمان و داكۆكی كردن لە قەوارەی شەرعیی هەرێمی کوردستان.

جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هەر سەركەوتوو بن.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

News ID 225527

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha