بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "شەمس" وتی: نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ شەڕ، بەڵام بۆ بەرگریکردن لە خۆمان ئەو کارە دەکەین.
عەبدی ئاماژەی بەوەشدا: دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا ئەرێنی بووە، جەختی لەسەر ئەگەری تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لەگەڵ دیمەشق و گەیشتن بە چارەسەری هەمیشەیی کردەوە.
ناوبراو هۆشداریدا لەوەی، داعش خۆی لە شارە گەورەکاندا ڕێکدەخاتەوە و سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییەی ئێستای سووریای وەرگرتووە.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕاشیگەیاند: ئەمریکا و هاوپەیمانانی تر لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کوردستان دەکەن لە دانوستان لەگەڵ دیمەشق.
لەبارەی ئامادەیشی بۆ دیداری لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، وتی: هیچ كێشەیێک نییە لەوەدا و ئێمە کراوەین بۆ دروست کردنی پەیوەندییێکی باش لەگەڵ تورکیا، بەشێوەیێكی ڕاستەوخۆ و و لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا هەیە و هیوادارین ئەم پەیوەندییە گەشە بکات.
فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، جەختی لەسەر پێویستیی بوونی یەک سوپا و یەکگرتنەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا كردەوە، بە هێزەکانی سووریای دیموکراتیشەوە.
کۆبانی ڕەتیشی کردەوە هیچ پەیوەندییێکیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت و وتی: ئێمە پشتگیری لە دراوسێیەتی باش لەگەڵ هەمووان دەکەین.
Your Comment