تەحریری شام بەم جۆرە بەردەوام بێت، چارەنووسی هاوشێوەی بەعس دەبێت

فۆزا یووسف، ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتیی PYD ڕایگەیاند کە دەستوورەکەی حکوومەتی کاتیی دیمەشق دیموکراتیک نییە و ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بێت، چارەنووسی ئەم ئیدارەیەش هاوشێوەی بەعس دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فۆزا یووسف لە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاندووە: هەتەشە لەژێر فشارێکی گەورەی هێزە نێونەتەوەییەکاندا، بەتایبەت بەهۆی ڕەفتارە خراپەکانی بەرامبەر عەلەوییەکانە و ئەوەی تا ئێستە هەتەشە و حکوومەتی کاتی کردوویانە دیموکراتیک نین.

لە هەرێمە داگیرکراوەکان، مەترسییەکان بەردەوامن

فۆزا یووسف ڕایگەیاند دۆسیەی هەرە گرنگ گەڕانەوەی سەلامەتی دانیشتووانی عەفرین و گرێ‌سپی و سەرێکانییە بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا لەو هەرێمانە چەتەکان هەن و لە هەندێک دەڤەر دەوڵەتی تورک هەیە، بۆیە هێشتا مەترسییەکان ماون، گوتی: "مەرجی ئێمە ئەوەیە، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە هەرێمە داگیرکراوەکان دەربچن. گەل بەم شێوەیە هەست بە ئاسایش و سەلامەتی دەکات. لەم بارەیەوە گفتوگۆ بەردەوامە. پێویستە لەوێ ئەنجوومەنەکان دابمەزرێن، گەل خۆیان بەڕێوەببەن و شارەوانی گەل بەدەستەوە بگرن".

هەڵوێستمان دژی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان، ڕوون و ڕاشکاوە

فۆزا یووسف ڕایگەیاند کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان کاریگەرییێکی خراپی لە تەواوی سووریا کرد، چوونکە پەیامێک بوو بۆ هەموو لایێک، بۆیە هەڵوێستی خۆمان بەڕوونی دژی کۆمەڵکوژییەکە نیشاندا. بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژییەکان، ئاشکراکردن و ڕێگرتن لە کۆمەڵکوژی، هەوڵ دەدەین. لە بواری دیپلۆماتیک و یاسای نێونەتەوەیی بۆ ئەم بابەتە خەبات دەکەین".

چارەسەر لە باکوور، کاریگەری لەسەر هەموو پەیوەندییەکان دەکات

فۆزا یوسف ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١١ ـەوە سەرچاوەی هەموو نائارامییەکانە، پشتگیری لە هەموو هێزەکانی نەیاری شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات، گوتی: "بۆیە ئەگەر پرسی کورد لە باکوور بەشێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر ببێت، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕۆژئاوا دەکات. هەروەها کاریگەری دەبێت لەسەر سیاسەتی دەوڵەتی تورک پەیوەست بە سووریا. تورکیا هەردەم دەڵێت "لەوێ پەکەکە هەیە، بۆیە هێرش دەکەین". ئەگەر چارەسەر بێتەدی، چیتر بەهانەی تورکیا نامێنێت. بۆیە ئەگەر ئەو پرۆسەیەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە سەربکەوێت، هەم بۆ پەیوەندی نێوان ئێمە و تورکیا، هەم بۆ چارەسەری کێشەکانمان لە سووریا، ڕەوشێکی ئەرێنی دێتەپێش".

News Code 225239

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha