بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتى دەرەوەى عێراق راگەیێنراوى هاوبەشی کۆبوونەوەکەى بڵاو کردووەتەوە، هەردوولا داوایان کردووە رێز لە سەروەرى و پارێزراوى خاکى هەردوو وڵات بگیرێت، هەروەها هاوئاهەنگى و هاریکاری لە بوارى سەربازی و ئاسایشى سنوور و بنەبڕکردنى تیرۆر و پیشەسازیى بەرگریى و وزە و ئاو و پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان زیاتر بکرێت.
بەشدارانى کۆبوونەوەکە جەختیان لە گرنگى جێبەجێکردنى داواکارییەکەى عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانى پەکەکە کردەوە.
لەبارەى ئەوەى پەیوەندارە بە "میکانیزمى پێنج قۆڵى" لە سووریا و وڵاتانى دراوسێى بۆ رووبەڕووبوونەوە تیرۆر کە لە ۹ى ئادارى ۲۰۲۵ لە ئوردن پێکھێنرا، لیژنەى ئەمنیی عێراق و تورکیا جەختیان کردەوە لەوەی ناوەندێکى ئۆپراسیۆنى هاوبەش بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنرێت.
ئەو میکانیزمە لە نێوان وڵاتانى سووریا، تورکیا، عێراق، ئوردن و لوبنان پێکهێنرا بۆ رووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى تیرۆر و تووندکردنەوەى سنوورەکان.
لە راگەیێندراوەکەى تورکیا و عێراقدا هاتووە: "پێویستە لیژنەى هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ دۆزینەوەى چارەسەر بۆ کەمپى هۆل و ڕۆژ و کەمپەکانى دیکە لە سووریا".
بە گوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، شاندى هەردوولا باسیان لەوە کردووە کە ڕۆژى ۸ى ئایارى ۲۰۲۵، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى تورکیا دەکات و لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى ئەو سەردانەیان کردووە کە تێیدا چوارەمین کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى باڵاى هاریکاریى ستراتیژیى نێوان هەردوو وڵات ئەنجام دەدرێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق، سابت عەباسی، وەزیرى بەرگرى و رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان و راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی و سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى نوێنەرایەتى عێراقیان کردووە.
بەشدارانى کۆبوونەوەکە پێشوازییان لە ئەنجامى ئەرێنى کۆبوونەوەى نێوان شاندى ئەمریکا و ئێران کردەوە کە ۱۲ى نیسان لە مەسقەتى پاتەختى عومان ئەنجامدرا. عێراق و تورکیا جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوامبوونى ئەو دیالۆگانە ڕێگە خۆش دەکات بۆ چارەسەرێکى ئاشتییانە بۆ ململانێکان.
Your Comment