مەرجی PKK بۆ بەستنی کۆنگرەی چەکدانان: دەبێت هەلومەرجی گونجاو بڕخسێت

هاوسەرۆکی کەجەکە بە پێویستی دەزانێت، هەڵومەرجی گونجاو بۆ بەستنی کۆنگرەی PKK بڕەخسێنرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی پارتی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (KCK) کە لە هەمان کاتدا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، باسی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد.

جەمیل بایک وەک ئاماژەیێک بۆ ڕاگیرانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەلایەن تورکیا، ڕایگەیاند: "پێویستە هەڵومەرجی تایبەت لەپێناو بەستنی کۆنگرەی پەکەکە بڕەخسێنرێت. ئەگەر ئەمە بکرێت، کۆنگرە دەبەسترێت و بڕیارەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جێبەجێ دەکرێن." ئەوەشی خستە ڕوو: "هەندێک لایەن لە تورکیا هەن هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدەن."

لەبارەی ڕێککەوتنەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، هاوسەرۆکی کەجەکە گوتی: "ڕێککەوتنەکە دەستپێکێکی باشە."

پێنجشەممە ۲۷ـی شوباتی ۲۰۲۵، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو: "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم".

News Code 225050

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha