بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەمڕۆ شەممە، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئەنجامەکانی شەڕی ڕۆژی هەینی نێوان شەڕڤانان و گرووپە میلیشیاکانی سەربە تورکیای لە ناوچە جیاجیاکانی شەڕ بڵاو کردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە چالاکیی شەڕڤانانی یەپەژەدا لە رۆژئاوای پردی قەرەقۆزاق، ۸ چەکداری سەربە تورکیا کوژراون و یەکێکی دیکەش برینداربووە. لە هەمان ناوچە و لە چالاکییێکی دیکەدا ڕادارێک و کامێرایێکی چاودێری سوپای تورکیا تێکشکێندراوە.
هێمای بۆ ئەوەش کردووە لە بەرەی بەنداوی تشرین، میلیشیای سەر بە تورکیا دەستیان بە هێرش بۆ سەر شەڕڤانان کردوە و شەڕ و پێکدادان دروست بووە و لە ئاکامدا ۶ چەکدار کوژراون و ژمارەیێکی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە بەرەی باکووری بەنداوی تشرین لە چالاکییێکی شەڕڤاناندا دوو چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون و ماتۆڕسکیلێکیش تێکشکێندراوە، کاتێک میلیشیاکان هەوڵی ئەوەیان داوە تەرمی ئەو دوو چەکدارە بەرنەوە، ئۆتۆمبێلێکیان لەلایەن شەڕڤانانەوە کراوەتە ئامانج و تێکشکێندراوە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەش داوە، لە باکووری بەنداوی تشرین، شەڕڤانان لە ڕێگەی درۆنەوە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی زرێپۆشی میلیشیاکانیان کردۆتە ئامانج، ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوەتی تێکشکێندراوەو دوو چەکداریش کوژراون کە لەنێویدا بوون.
Your Comment