پارەکە هەر لەم کات و ساتانەدا، بەرگی ئەوەڵی ئەم وەرگێڕانە لە ۷۵۹ لاپەڕەدا و ئەوساڵ بەرگی دووهەمی ئەم بەرهەمە بەپێزە، لە ۶۱۱ لاپەڕەدا و لە قەتعی وەزیری و بە بەرگی گالینگۆرەوە، لە لایەن چاپەمەنیی "آریوحان" بڵاوکرایەوە؛ هەر دوو چاپی هەوەڵ و دووهەم له بەرگەژمێری ۵۰۰ بەرگدا بڵاو بوونەتەوە.
وەرگێڕان و بڵاوبوونەوەی ئەم ئاسەوارە جیاوازە، جیا لەوەی وەک هەواڵێکی زانستی و زمانەوانی بۆ سەرجەم تامەزرۆیان و خەمخۆرانی ڕاستەقینەی بواری زانست و کەلتوور و زمان و ڕۆشنبیری جێی ئەوپەڕی دڵخۆشی و هۆی شانازییە، هەروەها لە چەند لایەنی دیکەشەوە گرینگایەتی هەیە:
۱- هێمای ئەوەیە کە، تاقمێک لە خاتوونانی کورد لە ڕۆژهەڵات_ بۆ وێنە خاتوو ماپەرەی لاهیجانی_ بە نووسین و وەرگێڕانی ئاسەواری بەپێز و نوێباو و جیاواز، سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکی جیددیی زانستی و کەلتووری و زمانەوانین و لێبڕاوانە و بەرپرسیارانە تەمای ئەوەیان گرتووە کە چیدیکە خۆیان سەرقاڵ بە تاقمێک کورتەبابەت و کورتەوتار و کورتەنووسراوەی لاوەکی و پەڕواێزخراو و کەمبایەخ و کاتی لە بواری کەلتوور و وێژە و...نەکەن و دەست بدەنە ڕاپەڕاندنی ئەرک و کار و پڕۆژەی تەکووزی بنەڕەتی و پڕبایەخ و پێویست و درێژخایەن و جیاواز و نوێباو؛
۲- هێمای ئەوەیە کە، خاتوونانی ڕۆژهەڵات، بۆ وێنە وەرگێڕی جێی باس لەم دێڕانەدا، بە ئەم ڕادەیە لە متمانەبەخۆیی ڕاستەقینە گەیشتوون و هەروەها ئەم ڕێژەیە لە مرخ و توانست و زانست و بڕشت و ورە و وزە لە خۆیاندا شک دەبەن کە بە پشتئەستووریی ئەوەوە، دەست بدەنە ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرک و پڕۆژە فیتەر و دژوار و تاقەتپڕووکێنانەی وا دەبێتە هۆکاری پێشکەوتن و سەرکەوتنی جەماوەری و پێگەیشتوویی کۆمەڵ و جڤاک و هەروەها گەشە و نەشەی ڕۆشنبیری_ ڕووناکبیری و زانستی_کەلتووری کۆمەڵگای کوردەواری؛
۳- هێمای ئەوەیە کە، لە پەنا و هاوکات لەگەڵ گەلێک پڕۆژەی زەبەلاحی وەک وەرگێڕانی "مێژووی فەلسەفەی ڕاتلێج" بۆ سەر زمانی کوردی لە ۱۰ بەرگدا و، هەروەها وەرگێڕانی "مێژووی فەلسەفەی کاپلستۆن" لە ۹ بەرگدا، لە لایەن پیاوانی مشوورخۆر و لێهاتوو و دڵسۆزی کورد لە ڕۆژهەڵات( کە هەرکام بەجوێ و سەربەخۆ، لە لایەن ڕێزدار سەعید کاکی و مەسعوود بابایی وەرگێڕدراون)؛ بە هەمان شێواز و ئاراستەوە، پڕۆژەی فیتەر و درێژخایەنی وەک وەرگێڕانی "قانوون لە پزیشکیدا"، لە ۸ بەرگ دا، و هەروەها "فەرهەنگی ڕەنگەکانی پازار"، لە ۹ بەرگدا، لە لایەن خاتوونانی ڕۆژهەڵاتیی خەمخۆر و دڵسۆز و خاوەنمرخ و سەرکەوتوو(کە بەجوێ و سەربەخۆ، بەنۆبە لە لایەن خاتوو ماپەرەی لاهیجانی و سەحەر موعیزی وەرگێڕدراون/نووسراون)، بە ئاکام و ئەنجام گەیشتوون؛ دیارە چاوەڕوان دەکرێ ئەوە سەرەتا و دەسپێکی ڕەوتێکی پیرۆزی گوتارخوڵقێن و پاڕادایمیک بێ و درێژەی هەبێ و ببێتە دەسپێکی خاڵی وەرچەرخان لە کردە و پڕاکتیسی ڕۆشنبیری_ڕووناکبیری و زانستی_کەلتووریی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات؛
۴- هێمای ئەوەیە کە، ئەم بیرۆکە دواکەوتوو و داسەپێندراو و دەرەکییە کە پێی وایە زمانی کوردی تەنیا زمانی شێعر و پەخشان و دەقی وێژەیی و فۆلکلۆریکه و ئەم توانست و بڕشت و دەرەتان و دەفرییەت و لێهاتووییە نییە کە دەقی زانستی و فەلسەفی و پزیشکی پێ بنووسرێ یان وەرگێڕدرێ، زۆر بە ئاشکرایی و بە چەشنێکی بەرچاو و بەرهەست لە پاشەکشە و داڕمان و فەوتان و نەمان دایە، بە تایبەت بە هاتنەئارا و سەرهەڵدان و وەدیارکەوتنی ئەم پڕۆژە پیرۆز و گەورانە، لە بەستێنی وەرگێڕانی فەلسەفی و زانستی بۆ کوردی؛ هەروەها بە نووسین و وەرگێڕانی سەدان شاکاری کەموێنە لە بوارەکانی فەلسەفە و کۆمەڵناسی و زمانناسی لە لایەن پڕۆفیسۆر دوکتۆر محەممەد کەماڵ، پڕۆفیسۆر حەمید عەزیز، پڕۆفیسۆر فاڕووق ڕەفیق، دوکتۆر حوسێن خەلیقی، دوکتۆر عادڵ باخەوان، پڕۆفیسۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف، پڕۆفیسۆر وریا عومەر ئەمین و...؛
۵- هێمای ئەوەیە کە، هەر وەک له ماوەی دووساڵدا، ۲ بەرگ لە هەشت بەرگی وەرگێڕانی کوردیی "قانوون لە پزیشکیدا"، لە لایەن "خاتوو ماپەرە لاهیجانی"، زۆر بە ڕێک و پێکی بڵاوکرایەوە، هەروەها، بە تەمای خودای کارساز، لە ماوەی ۶ ساڵی داهاتووشدا، هەر ساڵەی ۱ بەرگ لەم ۸ بەرگەی ئەم پڕۆژە پیرۆز و زەبەلاحە، بە خەرمانی بەپێزی کتێبخانەی کوردی و کەلەپووری پێشڕەوی زانستیی وەرگێڕدراو بە کوردی، زیاد دەکرێ و لە کۆتاییدا کتێبخانەی کوردی دارماڵ دەبێ لە توێشووی زانستی لە بواری پزیشکی نەریتیدا.
بۆ ئاگاداری پتر و بۆ ڕوونکردنەوە جێی خۆیەتی ئاماژە بەم ڕاستییە بکەین کە: بەرگی دووهەمی "قانوون لە پزیشکیدا"
لە بابەت ئەم ڕوەکە دەرمانییانە دەدوێ کە ئیبنیسینا بۆ ماریجەی نەخۆشییەکان کەڵکی لێوەرگرتووە و دەکرێ وەک فەرهەنگ و وشەدانێکی سەربەخۆ لە بواری چارەسەریی پزیشکی نەریتی لێی بڕوانین کە جیا لەوە لەخۆگری هاوتای فارسی و عەڕەبی و کوردی سەروشەکانە، هاوکات بە تێر و تەسەلی ئاماژە بە شێواز و ڕادەی بەکارهێنانی ڕوەکە دەرمانییەکانیش دەکات.
لەو وەرگێڕانەدا، سەرەتا سەروشەی داگری ناوی ڕوەک بە زمانی عەڕەبی و بە پێی دەقی وەرگێڕدراوی فارسیی "قانوون" نووسراوە و لە کەواندا ناوی دووهەم یا هاوتای فارسیی سەروشەی عەڕەبی و، دواتر ناوی کوردی یان هاوتای کوردی ڕوەکەکە و، لە درێژەدا کاریگەریی دەرمان لەسەر ئەندامە جۆربەجۆرەکان شڕۆڤە کراوە؛ بۆ وێنە کۆئەندامی هەرس، کۆئەندامی هەناسە، کۆئەندامی ڕەپاڵدەر؛ هەروەها باسی زام و برین، هەوکردن، پێست و.....
له کۆتاییدا، وێڕای دەربڕینی ئەپەڕی دڵخۆشیی خۆم بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی بەرگی دووهەمی ئەم پڕۆژە پیرۆز و تەرز و بەرزە و پیرۆزبایی لە وەرگێڕی خاوەن مرخ و خودان توانست و بوێر و بەورە و توانا و مشوورخۆر و پەیجۆر و خەمخۆر، ڕێزدار خاتوو ماپەرە لاهیجانی، ئاواتەخوازم هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، لەمەو بەدواش هەر ساڵەی بەرگێک لەم پڕۆژە گەورەیە، بە حەول و تەقەللای بێوچان و شێلگیڕانە و نەپساوە و هەروەها بە لەخۆبردوویی و دڵسۆزیی کەموێنەی ئەم خاتوونە ماندوویینەناس و هێژایە، وەرگێڕدرێ و بڵاوبکردرێتەوە و کتێبخانەی بەوەجی کوردی، لە بەستێنی ئاسەواری وەرگێڕدراوی میرات و کەلەپووری جیهانی و لە بواری بەرهەمی زانستی و پزیشکیدا، پێ بخەمڵێندرێ و پێی بڕازێندرێتەوە.
* دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و توێژەر و مامۆستای زانستگا
Your Comment