کوردپرێس:
غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین دوو پەرلەمانتارى کورد لەپەرلەمانى عێراق، لە نووسراوێکدا داوا لەسەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق دەکەن لیژنەیەک لە وەزارەتى بەرگری و پەیوەندییەکانى دەرەوە سەبارەت بە دەستدرێژییەکانى سوپای تورکیا بۆسەر خاکى هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت.
ئەو پەرلەمانتارانە واژووی ٤٣ پەرلەمانتاریان کۆ کردووەتەوە و ئاڕاستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووە بۆ پێکهێنانى ئەو لیژنەیە لەسەر ئەو دەستدرێژی و لەشکرکێشانەى تورکیا دەیکاتە سەر هەرێمی کوردستان.
لەلایەکى دیکە فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى عێراق داوای کرد کە هەریەکە لە پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵی بەئەرکی خۆیان هەستن لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق لە هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سیادەی عێراق و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ناوچانەدا .
هەروەها فراکسیۆنى گۆڕان داواشیان کردوە کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بانگی باڵیۆزی تورکیا بکات بۆ داواکردنی راوەستاندنی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، بەتایبەت تاوانی بڕینەوەی دارستانەکانی ناوچەی بادینان کە بەپێی پەیماننامە و رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی جەنگ دەژمێردرێت.
هاوکات فراکسیۆنى گۆڕان لەوبارەیەوە رایگەیاندوە"داوامان کرد لە حاڵەتی بەردەوامیی سوپای تورکیا لە دەستدرێژییەکانی، حکومەتی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایش و دادگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان سکاڵا تۆمار بکات بۆ ناچار کردنی دەوڵەتی تورکیا بە وەستاندنی پەلامار و دەستدرێژییەکانی".
فراکسیۆنى گۆڕان داواشی لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران کرد کە لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ بەدواداچونی وەستاندنی پەلامار و دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان.
Your Comment