بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەمیانەى پێشوازیکردن لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ئاماژەى بەوە کرد "جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکەینەوە و دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت و هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە".
بەگوێرەى ڕاگەیەندراوێکى نووسینگەى ڕۆژنامەوانى جێگرى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان: لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرا کە چەند رۆژێک پێش ئێستا کرایە ئامانج، جێگری سەرۆکوەزیران نیگەرانی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: بەردەوامبوونی ئەمجۆرە هێرشانە زیان بە سەقامگیریی عێراق و کوردستان دەگەیەنێت.
تاڵەبانی وتیشی: لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و لایەنە عێراقییەکان لەسەر خەتین بۆ دۆزینەوەی جێبەجێکارانی ئەو کردەوەیە و کاریش لەسەر کۆتاییهێنان بەم جۆرە هێرشانە دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی سیاسی کرایەوە لەڕێی گفتوگۆوە".
Your Comment