كار لەسەر ئەوە دەكرێت فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بكرێتە وەزارەت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كار لەسەر پێداچوونەوە بە فەرمانگەكە و كارەكانی دەكەن و دەیانەوێت وەكو وەزارەتێك بێت و پەرلەمانی كوردستانیش یاسایێكی بۆ دەربكات.

کوردپرێس:

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە، "هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دونیا پەیوەندیی باشی هەیە، لەنێویاندا وڵاتانی عەرەبی و ئێستا شەش وڵاتی عەرەبی نوێنەرایەتی و كونسوڵگەرییان لە هەرێمی كوردستان هەیە".

ناوبراو وتیشی: "لەدوای ساڵی 2003 پەیوەندیی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی كوردستان باشتربووە و ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەمیشە خوازیاری پەیوەندیین لەسەر بنچینەی رێزی بەرامبەر".

سەفین دزەیی سەبارەت بە گۆڕانكاریی لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم وتویەتی: "ئێستا سەرقاڵی ئەوەین یاسایەكی بۆ دابڕێژین و بنێردرێت بۆ حكومەت بۆ ئەوەی كاری لەسەربكرێت و لە ئایندەدا بنێردرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی پەسەندكردنی، چونكە ئێستا فەرمانگە بەپێی فەرمانێك كاردەكات".

ئاماژەی بەوەش داوە "یەكێك لەو گۆڕانكارییانەی بەنیازی بیكەن ئەوەیە فەرمانگە بكرێتە وەزارەت، بەڵام ناوی وەزارەتی دەرەوە نابێت، چونكە بەپێی یاساكان نابێت وەزارەتی لەمجۆرەیان هەبێت، بەڵام ناوێكی دیكەی دەبێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان 14 نوێنەرایەتی لە دەرەوە هەیە و لە كۆی ئەو 14 نوێنەرایەتییە 11یان لە وڵاتانی ئەورووپیین، لەگەڵ نوێنەرایەتییەكانی ئوسترالیا و ئەمریكا و ئێران.

News Code 2234

Your Comment

You are replying to: .
captcha