هەرێمی کوردستان بەرەو لەتبوون یان لەناوچوونی ناوخۆیی دەڕوات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی پێشوى دەزگاى پاراستنى پارتى ڕایدەگەیەنێت، دۆخى هەرێم بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا هەرێمی کوردستان بەرەو لەتبوون یان لەناوچوونی ناوخۆیی دەڕوات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەزهەت حالى، بەرپرسی پێشووى دەزگاى پاراستنى پارتى لە وتارێکدا لەسەر دۆخى ئێستا هەرێم نووسیویەتى: هەرێم لەئێستادا پێویستی بە کەسایەتی سیاسی و  یاسایی و ئابووری زانا و لێهاتوو و دڵسۆز  و بەئەزموون هەیە، تاکوو دوور لە بەرژەوەندی تەسکی کەسی وحزبی چارەسەر بۆ گرفت وقەیرانەکان بدۆزنەوە.

دەشڵێت: ئەرکی کەسە مەزنەکان ئەوەیە کە بتوانن یەکگرتوویی دروست بکەن و میللەت  لە نەهامەتی و هەڕەشەکان بپارێزێن، بەپێجەوانەوە، بەردەوامی ئەم دۆخە و ئەو پەرتەوازەییە  و هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەگەڕاندنەوەی متمانە و باشتر نەکردنی ژیانی خەڵک، کوردستان بەرەو لەت بوون یان لە ناو چونی ناوەخۆی دەبات.

دەقى وتارەکە:

چارەنووسی هەرێم لەناو گێژاوی ململانێی ناوخۆیدا
نەزهەت حالی
هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی زۆر هەستیار و چارەنووسسازدایە. بەهۆی نەبوونی دەستوور و دامەزراوەی بەهێزی نیشتمانی وەکوو سیستمی دادوەری و هێزی سەپاندنی یاسا کە تەواو  نیشتمانی وسەربەخۆ و لە ژێر کۆنتڕۆلی حزبە سیاسییەکان نەبن ،سنورێک بۆ گوتار و کرداری کەسی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە.
 بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتمان پێناسەی فەرمیان بۆ نەکراوە . دامەزراوە فەرمییەکان وەکو پێویست ڕێزیان لێ نەگیراوە و بە ئەنقەست هەوڵ دراوە بێ کاریگەر و بێ بەها بکرێن.
لە نەبوونی دەستور و لەبەر گرنگی و پێویستیش بێت لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیووە بە لایەنی کەمەوە پەیماننامەی  نیشتمانی (شەڕەف) لەگەڵ یەکتری واژوو بکەن و  لە پرسە نیشتمانییەکانی هەرێم پێوەی پابەند بن . لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە ئەوهێلە سورە نیشتمانییە کە دەبێت دیاری بکرێت و یاریکەرە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نابێت بیبەزێنن دیار و ڕوون نیە ، هەر کەس و لایەنێک بە حەز و ویستی خۆی ئەوەی بیەوێت دەیکات و هەر ڕۆژە و بە جۆرێک لەسەر پرسە نیشتمانییەکان دەدوێت .
ليرەدا لەو بارودۆخە دژوارەدا ڕۆڵی سەرکردەو کاراکتەرە بە ئەزموونەکانی کایەیى حزبی وسیاسی دێتەگۆڕێ،  ئاخۆ دەتوانن هەموولایەنەکان لەسەر مێزێک بۆگفتوگۆی ڕاشکاوانە و بەرپرسیارانە کۆببنەوە ، گەر دڵسۆز وخەمخۆری ڕاستەقینەی خەڵکی قوڕبانیدەرو  خۆڕاگری هەرێمی کوردستان بن دەتوانن ئەم ڕۆڵە مەزن ومێژووییە بگێڕن. ،  هەرێم لەئێستادا پێویستی بە کەسایەتی سیاسی و  یاسایی و ئابوری زاناو لێهاتوو و دڵسۆز  و بەئەزموون هەیە، تاکو دوور لە بەرژەوەندی تەسکی کەسی وحزبی چارەسەر بۆ گرفت وقەیرانەکان بدۆزنەوە و کوردستان و کوردستانیان لە ئەگەری هەر مەترسیەک بپارێزن.
بەناردنی پەیام و وەڵام وەڵامکاری بۆ یەکتری ، نەک هەر  گرفتەکان چارەسەر نابن ، بەڵکو  کێشەکان قوڵتر و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و سەنگ وپێگەمان لای هاوبەشەکانمان لەئاستی عێڕاق و لای دراوسێکان و وڵاتانی دەرەوە لاواز دەبێت . لە ناوەخۆشدا ئاستی متمانەی هاووڵاتیان بەنیاز پاکی و دڵسۆزی و توانای  هێزە سیاسییەکان و بەرپرسانی باڵای هەرێم  بۆ چارەسەری گرفتەکان لاوازو لاوازتر دەبێت.
بۆیە لەم قۆناغەدا  وەکو بەرپرسیاریەتی مێژوویی ، ئەرکی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی بەرەی کوردستانی لە ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١ و یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێم ،ئێساتش وەکو سەرۆکی گەورەترین حزبی سیاسی لە هەرێم لە هەموان قورسترە . بە ئەگەری زۆر هەندێ لە سەرکردەو کەسایەتی سیاسی ناو هێزو پارتی سیاسی کوردستان چاوەڕوانی دەسپێشخەری و کاری گەورەی لێ دەکەن ، بۆئەوەی هەموان لە شاری هەولێری پایتەخت کۆ بکاتەوە و چوارچێوەیەک بۆ کاری هاوبەش بۆ دەرباز بون لەو قۆناغە دیاری بکەن، دڵنیام بۆ یەکگرتووی لە پێناو خەلک و نیشتمان گەلی کوردستان لەگەڵیان دەبن و لەگەڵیان شان دەدەنە بەر سەختییەکان و بەسەریدا زاڵ دەبین.
  قۆناغی ئەمڕۆمان لە دۆخی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش سەخترە . وەکو چۆن سەرۆک بارزانی خۆی سەرکردایەتی شەڕی داعشی گرتە ئەستۆ  و لەگەڵ پێشمەرگەکان کوردستانی لەتیرۆریستانیان پاراست ،جارێکی دیکە زۆر لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی گەل و نیشتمان چاوەڕوانن بەو ئەرکە هەلبستێت. بەڵام بەر لەهەر هەنگاوێک پێویستە هەموو لایەنەکان ئیتر ڕێگە نەدەن کەسانێک بەگوتاری زبرو نابەرپرسانە یان بە مەدح و سەنای بێ مانا لەمیدیاو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دۆخەکە ئاڵۆز بکەن.
ئەرکی کەسە مەزنەکان ئەوەیە کە بتوانن یەکگرتوویی دروست بکەن و میللەت  لە نەهامەتی و هەڕەشەکان بپارێزێن.
بەپێجەوانەوە ، بەردەوامی ئەم دۆخە و ئەو پەرتەوازەییە  و هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەگەڕاندنەوەی متمانە و باشتر نەکردنی ژیانی خەلک، کوردستان بەرەو لەت بوون یان لە ناو چونی ناوەخۆی دەبات. بە تایبەت کە هەرێم لەدۆخێکی ئابوری زۆر خراپ دایە هەروەها هەڵبژاردنێکی جیاوازتری لە پێشە.
لە ئێستادا کوردستان پێویستی بەو کاراکتەرە سیاسییانە هەیە، کە لە پێناو پاراستنی هەرێم و ژیانی هاوولاتییان تەنانەت ئامادە بن پێشمەرگە ئاسا بەرەو مەرگی سیاسی هەنوکەیی خۆیان بچن، بەڵام یاد و کاری گەورەیان لە هزر و مێژووی گەلەکەیان هەر دەمێنێتەوە.

News Code 223265

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha