عومەری سەید عەلی ئەندازیاری داڕووخاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێکخەری ژووری په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسیه‌کانی گۆڕان ده‌ڵێت: ئەگەر ئەندازیاری ڕاپەڕین و گۆڕانکاری نەوشیروان مستەفا بوو، بەڕێز عومەری سەید عەلی کە لە شوێنی ئەودا دانیشت بوو بە ئەندازیاری داڕووخانی بزووتنەوەی گۆڕان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆشیار عومەر عەلی که‌ ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیپەرێکدا له‌ ژێر ناونیشانی "عومەری سەید عەلی ئەندازیاری داڕووخاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بوو"؛ باس لە بارودۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و ده‌ڵێت: "عومه‌ری سه‌ید عه‌لی به‌ ڕێکخه‌ری گشتی له‌ ۲۵ی ۷ی ۲۰۱۷ و ۱۴ی ۹ی ۲۰۱۹ هه‌ڵبژێردرا، پاش شکستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ ۱۰ی ۱۰ی ۲۰۲۱، ده‌ستیله‌کارکێشایه‌وه‌، وه‌ک رێکخه‌ری گشتی ده‌ستله‌کارکێشاوه‌ و ماوه‌به‌سه‌رچوو بۆ زیاتر له‌ دوو ساڵی دیکه‌ ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ نه‌ک پێشێلکردنی ده‌ستووری ناوخۆیی گۆڕان بو به‌ڵکوو دژی هه‌موو بنه‌ماکانی به‌رنامه‌ی سیاسی گۆڕان بوو".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردووه‌، یه‌که‌مجار له‌ ۱۲ی ۷ی ۲۰۱۸ جڤاتی نیشتیمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاریدا کۆنفرانسی نیشتیمانی ناوخۆیی پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ ۳۰ی ۹ی ۲۰۱۸ ئه‌نجامبدا، "به‌مانایه‌کی دیکه‌ به‌مه‌یه‌ست زیاتر له‌ پێنج ساڵ کۆنفرانس دواخرا، له‌مه‌دا رێکخه‌ری گشتی و خانه‌ی راپه‌ڕاندن به‌رپرسیاربوون، چونکه‌ به‌پێی ده‌ستوری ناوخۆیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، خانه‌ی راپه‌ڕاندن به‌رپرسی جێبه‌جێکردنی بڕیار و راسپارده‌کانی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ له‌ نێوان دو کۆبونه‌وه‌دا".

هۆشیار عومەر عەلی که‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا "وه‌ک یه‌کێک له‌ که‌سایه‌تییه‌ نزیکه‌کانی عومه‌ر سه‌ید عه‌لی ناوی ده‌هێنرا" ده‌ڵێت، "له‌ کۆنفرانس به‌ڕێز عومه‌ر سه‌ید عه‌لی وتارێکی خوێنده‌وه‌ وتاره‌که‌ دور و درێژ و لاواز و سواو بو، دێڕێکی نوێ و سه‌رنجڕاکێشی تێدا نه‌بو، به‌درێژایی خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌که‌ی که‌ دیسان به‌ لاوازی خوێنرایه‌وه‌، هۆڵه‌که‌ بێده‌نگ بو، وتاره‌که‌ له‌ناو کۆنفرانس و له‌ناو رای گشتیدا نه‌بو به‌جێگه‌ی ستایش".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "ئه‌وه‌ی غه‌ریب و عه‌جایب بوو عومه‌ر سه‌ید عه‌لی له‌ وتاره‌که‌یدا لاوازبوون و شکستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی خسته‌ ئه‌ستۆی جڤاتی نیشتیمانی، تیمی حکوومه‌تی گۆڕان، هه‌ڵسووڕاوه‌ ناڕازییه‌کان، پارتی و یه‌کێتی، حکوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق، کۆرۆنا، دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هۆکاری جیا جیای دیکه‌، به‌ یه‌ک وشه‌ش یان یه‌ک دێڕ له‌ دوه‌مین کۆنفرانس به‌رپرسیارێتی هه‌ڵنه‌گرت و خۆی له‌ به‌رپرسیارێتی دزییه‌وه‌، کاری کرد بۆ شکاندنی هاوڕێکانی".

هۆشیار عومەر عەلی ده‌ڵێت، "هاوشێوه‌ی زۆر له‌ ئه‌ندامانی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی و تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کان و سه‌رکرده‌ گه‌نجه‌کان و هه‌ڵسوڕاوه‌ دیاره‌کان پشتیوانی سه‌د له‌ سه‌دی به‌ڕێز عومه‌ر سه‌ید عه‌لی بوم، چونکه‌ بڕوامان وابو هه‌رگیز سازش له‌سه‌ر پڕه‌نسیپه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناکات، کاتێک بو به‌ڕێکخه‌ری گشتی شێوازی سیاسیه‌تی ده‌گۆڕێت وه‌ک له‌ له‌نده‌ن له‌ سه‌ردان و مانه‌وه‌ی بۆ چه‌ند رۆژ و گفتوگۆی سێ سه‌عاتی له‌ شه‌وی پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی و له‌ پاش کۆچی دوایی ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ڵێنیدابوو".

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی، "ده‌بێت راشکاوانه‌ بڵێم، پێش کۆنفرانس چاوه‌ڕێی تۆمه‌ت و تیرۆری که‌سایه‌تی، فێڵ و درۆ و به‌خشینه‌وه‌ی پاره‌ و به‌ڵێن بۆ پۆست یان مانه‌وه‌ له‌ پۆستدا ده‌کرد، چاوه‌ڕێی هه‌مو شتێکم ده‌کرد، هه‌رگیز چاوه‌ڕێ و پێشبینی ئه‌وه‌م نه‌ده‌کرد به‌ڕێز عومه‌ری سه‌ید عه‌لی خودی خۆی له‌ کۆنفرانسدا له‌ دواوه‌ دابنیشێت و یه‌ک یه‌ک چه‌ند که‌سێک بانگ بکات و ڕاسته‌وخۆی فه‌رمانیان پێبکات راسته‌وخۆ په‌لاماری هاوڕێکانی خۆیان بده‌ن".

په‌یوه‌ست به‌ گرژییه‌کانی ناو کۆنفرانس، نووسیویه‌تی، "له‌ ناو کۆنفرانسدا چه‌ند شه‌ڕو په‌لاماردانی لێکه‌وته‌وه‌ به‌مه‌به‌ست و له‌سه‌ر داوای راسته‌وخۆی عومه‌ر سه‌ید عه‌لی زۆر تۆمه‌ت و ناڕاستیان بۆ شێواندنی راستی روداوه‌کان و بڕیاره‌کان و ئه‌نجامه‌کانیان ده‌گوت، خودی خۆی و ئه‌و که‌سانه‌ی رایسپاردبون دور له‌ هه‌م پڕه‌نسیپێک هه‌ستان به‌ شکاندنی شکۆی جڤاتی نیشتیمانی و ئه‌و هاوڕێیانه‌ی له‌ دروستبونی گۆڕان تا ئه‌مڕۆ شکۆمه‌ندانه‌ کاریان کردووه‌".

News Code 223167

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha