دادگای فیدراڵی و هەرێمی کوردستان/ ئارێز عەبدوڵڵا*

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئارێز عەبدوڵڵا نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی لە یادداشتێکدا باس لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ لەبارەی هەرێمی کوردستان دەکات.

کوردپرێس:

ماوەیەکە دادگای فیدراڵی بڕیار لە دوای بڕیار دەرهەق بە هەرێمی کوردستان دەردەکات. ئایا دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستانە و پیلانێکی سیاسی جێبەجێ دەکات یان بیانووی بەدەستەوە داوە؟

دەستووری عێراق ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتی و یاساییە کە بەدەنگی گەلانی عێراق بە گەلی کوردستانیشەوە پەسەند کراوە. بەپێی ئەو دەستوورە سیستمی فەرمانڕەوایی عێراق ڕێکخراوە و لەو چوارچێوەیەشدا بەشی هەر زۆری مافەکانی گەلی کوردستان دەستەبەر کراون.

بێگومان گەلی کوردستان مافی خۆیەتی لەوەش زیاتری هەبێ، بەڵام لە هەلومەرجەکانی نووسینەوە و پەسەندکردنی دەستور هەر ئەوندەمان پێهەڵکڕێندراوە. هەرچەندە مافە دانپیاندراوەکانیشمان نەکەم و نەبێ بایەخن، بەڵام بەداخەوە هەموویان جێبەجێ نەکراون. بێگومان ئۆباڵی جێبەجێ نەکردنی زۆر لە ماددە و بڕگەکانی دەستوور لەناویشیاندا ئەوانەی پەیوەندیان بە مافەکانی گەل و هەرێمی کوردستانەوە هەیە دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەتی فیدراڵی.

ئێمە هەمیشە پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دەستور بەگشتی و ماددەی (١٤٠) بەتایبەتی دەکەین و مافی خۆشمانە هەر لەسەریان پێداگربین، بەڵام ئایا ئەستۆی هەرێم لە جێبەجێکردنی هەمان دەستوور پاکە؟

بێگومان نا، کەچی لەوبارەیەوە خۆی مات دەکات!

لەبەر هەر هۆکارێک بووبێ، لەسەرەتاوە ئاراستەیەکی سیاسی بەهێز لە کوردستان بەبایەخەوە سەیری عێراق و دەستورەکەی نەکردوە، بۆیە پێ دەچێ ئەو ئاراستەیە تەنیا ئەو ماددە و بڕگانەی خوێندبێتەوە کە مافەکانیان  دەستەبەر کردون و چاویشیان لە ئاستی ئەو ماددە و بڕگانەی کە ئەرکەکانیان دیاری کردون نوقاندبێ!

ئاشکرایە هێشتا لە عێراق ئاراستەیەکی سیاسی شۆڤینی و بەهێزی دژە سیستەمی فیدراڵی هەیە، بۆیە دەبوو هەرێمی کوردستان لە ئاستی دەستوردا پەرێزی خۆی زۆر پاک ڕاگرتبا، تاکو بیانوو بەدەست ئەوانەوە نەدات، کە لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە دەرفەت دەگەڕێن.

ئێمە دەزانین و دڵنیایین زۆر هێزی کاریگەر چاوەڕوانی دەرفەتن، ئەدی باشە هەرێم بۆچی بیانوو بەدەستەوە دەدات؟

دەپرسین:

- ئایا دادگای فیدراڵی ڕێگەی نەدا لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێ؟

- ئایا دادگای فیدراڵی ڕێگری کردبوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستان؟

- ئایا دادگای فیدراڵی رێگری کردبوو لە هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم؟

- ئایا دادگای فیدراڵی بوو کۆتای پێکهاتەکانی بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی سیاسی و دژی لایەنە سیاسیەکانی تری کوردستان بەکاردەهێنا؟

ئەوانە و دەیان هەڵە و کەموکوری تر، کە بوونەتە بیانووی دەستی هەم ئەو لایەنانەی کە بەڕاستی دەیانەوێ یاسا سەروەربێ و هەمیش ئەوانەی لە دژی هەرێمی کوردستان لە درفەت دەگەڕین. هەق نییە چیتر گلەیی لە کەس بکەین و بۆ بەختی خۆمان بگرێین، بەڵکو دەبێ گلەیی لە خۆمان بکەین و بەخۆماندا بچینەوە، تا بتوانین بەرگەی فشارەکان بگرین و هەرێمی کوردستانیش بپارێزین، دەنا ئەوانەی بیندران هەر لێڵی دەبن و هێشتا لۆلۆ ماوە.

* نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

News Code 223141

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha