وەزیری دارایی عێراق: ناوی دووبارە لەنێو لیستی مووچەخۆرانى هه‌رێم هه‌یه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داوای زانیارییان لەسەر ناو و ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم زانیارییەکانی بە زمانی کوردی بۆ ناردوون، هاوکات ناوی دووبارەش لەنێو لیستی فەرمانبەران هەبووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، شەش تێبینى لەسەر مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەداتە نوێنەرایەتییەکەیان لە بەغدا و ئاماژە بەوە دەکات ناوی دووبارە لە لیستی مووچەی خانەنشینان و تۆڕى کۆمەڵایەتیدا هەبووە. هەروەها زانیارییان پێنەداون لە بارەى ژمارەى فەرمانبەرانى سەربازی و مەدەنى.

لە تێبینیەکاندا هاتووە: زانیارییان پێنەدراوە لەبارەى رەگەزى نێر و مێى مووچەخۆران لە هەرێمى کوردستان و ئەو زانیارییانەى پێیان دراوە، خشتەى ناونیشانى وەزیفی و پلەکانیان و پارەکانیان پێنەدراوە و تەنیا ژمارەى پلەى وەزیفییان پێدراوە و زۆربەى ئەو زانیارییانەى پێیان گەیشتوون بە زمانى کوردى بووە.

وەزیرى دارایی عێراق ئاماژەى بەوە داوە، هەرێمى کوردستان میلاکى فەرمانبەرانیان بەجیا لەسەر ئاستى هەر وەزارەتێک پێنەداون تاوەکو بزانن ژمارەى مووچەخۆرانى مەدەنى و سەربازیى چەندە و ئەو زانیارییانەى هەرێمى کردستان رادەستى کردوون لەبارەى پلەى وەزیفى، جیاوازە لەوەى لە خشتەى یاسای بودجەى گشتیدا هاتووە.

  لە بەشێکى دیکەی تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی عێراقدا هاتووە، تێبینى ئەوەیان کردووە دووبارەبوونەوەى ناوی مووچەخۆر هەیە لە نێوان تۆڕى کۆمەڵایەتى و خانەنشینى، هەروەها دووبارەبوونەوەی ناوی مووچەخۆر هەبووە لە خانەنشیناندا لەکاتێکدا ئەوانە فەرمانبەر بوون، بۆیە داوایکردووە ئاگاداریان بکەنەوە لە پاڵپشتى یاسایی سەبارەت بەو پرسە.

News Code 222925

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha