بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خشتەى کارى نوێى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان مانگێک بۆ ۴۵ رۆژ دەخایێنێت کە ئێستا لە بەردەستى ئەنجوومەنى کۆمیسیاراندایە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ۱۹ بۆ ۳۰ی ئایارى وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشنیار کردووە.
یەکێک لە گرنگترین ئامادەکارییەکان کە دەبێت ئەنجام بدرێت لەو خشتە نوێیەى کارى کۆمیسیۆندا بریتییە لە پێشکەشکردنى ناوى کاندیدان و دواتر چاپکردنى فۆڕمى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
پێشتریش بە گوێرەى خشتەى کارى پێشووى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبوو تاوەکو ۴ی کانوونى یەکەمى ۲۰۲۳ ناوى کاندیدان رادەست بکرێت بۆ وردبینیکردنیان و لە ۷ی هەمان مانگیشدا بە تیروپشک ژمارەى لیستە بەشداربووەکانى پەرلەمانى کوردستان بکرایە، تاوەکو ۱۲ی کانوونى یەکەمى ۲۰۲۳، فۆڕمى دەنگدان دروست بکرایە بەڵام بە پاساوى سەرقاڵى بە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق و نەبوونى پارەى پێویست کۆمیسیۆن ئەو هەنگاوانەى نەناوە.
هاوکات یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بۆ دواکەوتنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق چاوەڕێى ئەنجامى ئەو سکاڵایەیە کە لە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکەش بە دادگاى باڵاى فیدراڵى کراوە کە ۲۱ی کانوونى دووەم دانیشتنێکى دیکەى لەسەر کرد و دواى خست بۆ ۴ی شوباتى ۲۰۲۳.
Your Comment