لە ناوچە جێناکۆکەکان یەکەم جارە دەنگی کورد لە عەرەب و تورکمان کەمتر بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەلا بەختیار نیگەرانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ڕەخنە لە لایەنەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت بەوەی "بە بێ پلانیان بۆ ئەو ناوچانە و پەرتەوازەیی نێوان حزبە کوردیەکان" بوونەتە هۆی لە دەستچوونی دەنگێکی بەرچاوی کورد، بەجۆرێک لە سەد ساڵی ڕابردوودا یەکەم جارە کورد ببێتە پلە دوو لە دوای نەتەوەکانی ترەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار کەسایەتی سیاسی لە میانی وتووێژێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە: کە کاریگەریەکی بەرچاوی لە زیادبوونی دەنگی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرکان هەبووە، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی وتارێکی لە ڕۆژی ۱۸ی مانگی ۱۲ ە ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق. لە وتارەکەیدا بە زمانی خانەقینی داوای لە خەڵکی کرد "ئەو چەند کاتژمێرەی ماوە لە دەستینەدەن و ڕووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان."

مەلا بەختیار ڕایگەیاند، "لە دوای وتارەکەی من بە سەعات و چارەگێک لە ۱۷% ڕێژەی دەنگەکان زیادی کرد، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە پێش سێ ساڵ ئەنجامدرا."

وتیشی، "بەڵام دیارە کەم‌وکوڕی لە دۆخەکەیا هەیە. لە ڕێکەوتنامەی سیڤەرەوە تا ئێستا یەکەم جارە دەنگی عەرەب زیاتربێت لە کورد. لە ۱۰۲ ی ساڵی ڕابردوووە تا ئێستا بە پێی هەموو ڕاپرسیەکان کورد زیاتر بووە لە عەرەب و تورکمان، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە وایلێهات."

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەش دا، بڵاو کردنەوەی وتارەکەی لە چوارچێوەی هەست کردن بووە بە "مەترسی تەعریب" و "خەتەری" لەدەستدانی کورد بوونی ئەو ناوچانە، چونکە وەک خۆی دەڵێت تا پێش بڵاوکردنەوەی وتارەکەی ڕێژەی دەنگدان تەنها لە %۱۲ بووە.

مەلا بەختیار ڕایگەیاند، "من دوو پەیامم بڵاو کردۆتەوە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن، بۆ هەموو ناوچە کێشە لەسەرەکان بوو، بۆ هەموو کوردێکی بەشەرەف بوو، چونکە تەعریب لای من قەزیەیە ئێستا، شتێکی ڕاگوزەر نییە، بەڵکو خەتەرێکە بۆ چارەنووسی کورد بووە بە قەزیە، لەبەر ئەوە دەنگدان هەڵوێست و بەرهەڵستی و خەباتە."

وتیشی، "پەیامی دووەمیش لەسەر ئەوە بوو چونکە لە خانەقینەوە زۆر پەیوەندیان پێوە کردم، زیاتر لە سی چل کەس داوایانکرد و دەست و دامانم بوون کە فریای خانەقین بکەوم، چونکە تا ئەو کاتەی من پەیامەکەم تۆمار کرد لە سەدا ۲۰ی خەڵک دەنگی دابوو، چونکە خەڵکی ئەو شارەم و ڕۆحم لە خانەقینایە و خانەقینیش لە ڕۆحی مندایە، لەبەر ئەوە بەدەم خەڵکەکەوە چووم و داوام کرد لە هەموو پێکهاتەکان دەنگ بدەن، داواشم نەکرد دەنگ بە چی لیستێک بدرێت."

بە پێی ئامارەکانی کۆمسیۆن ۶۷ هەزار کەس لەخانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە مافی دەنگدانیان هەبوو، ڕێژەی بەشداریش لە دەنگدان لە %۴۴ بوو. كورد لەو پارێزگایە بە هەموو لیست و كاندیدەكانیانەوە تەنیا یەك كورسی لە ئەنجومەن بەدەستهێناوە کە هی کاندیدێکی عەرەبی سەر بە لیستی یەكێتی بووە، ئەوەش بە رێژەیی نزیكەی سەدا ۶.۷ دەكات لە كۆی ۱۵ كورسی دیالە، بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و سیستەمی سانتلیگۆ.

بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی رابردوی ئەنجومەن، كورد لەم هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانییان پێكنەهێنا، هەریەك لە یەكێتی و پارتی و سۆسیال بە جیا لیستیان راگەیاند و ۵۰ كاندیدیان هەبوو.

لەم هەڵبژاردنەدا، كورد بە سێ لیستی نزیكەی ۳۱ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە؛ زیاتر لە ۲۴ هەزار بۆ یەكێتی و نزیكەی حەوت هەزار بۆ پارتی بووە. بە پێی ئەم ژمارانە بێت ئەم دوو حزبە لە ریزبەندی هێزی حەوتەم و نۆیەمدان.

كورد لە هەڵبژاردنی ۲۰۱۳ی ئەنجومەنی پێشوی پارێزگای دیالە، بە هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوەژیان، سێ كورسی هەبوو لە كۆی ۲۹ كورسی. لە کورسییەکان یەكێكیان پارتی و دوانیان یەكێتیی بون و بە هەردووکیان رێژەی سەدا ۱۱ـی كورسییەكانیان پێکدەهێنا و هێزی سێیەم بون.

مەلا بەختیار وتی، "من دۆستی زۆر ڕاستگۆم هەیە کە قەت درۆم لەگەڵدا ناکەن چل ساڵە درۆیان لەگەڵدا نەکردووم، وتیان لەسەدا ۱۷ زیاتر دەنگدان زیادی کردووە لە دوای پەیامەکەی من، سوپاسی خەڵکی شارەکەم دەکەم کە بە قسەیان کردووم. لە چاو هەڵبژاردنەکانی تر نزیکەی ۶۵ هەزار دەنگدەر بەس لە مەرکەزی خانەقین هەبووە. ئەگەر یەکێتی و پارتی و لایەنەکان بە دەنگە تایبەتەکانەوە بیگەیەننە لە سەدا ۳۰ واتە نیوەی خەڵک دەنگی داوە بە لایەنە کوردیەکان."

وێڕای ئەنجامی هەوڵەکانی، بەڵام مەلا بەختیار لە پەرتەوازەیی نێوان حزبە کوردیەکان نیگەرانە و دەڵیت،"ئەنجامی پەرتەوازیەکەیان بووە هۆی ئەوەی باجەکەی بەقورسی بدەن لەم هەرڵبژاردنەدا." ئەمە وێڕای ئاماژە کردن بە بێ پلانی حکومەت بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان و "غەدر" لە خەڵکی خانەقین لەو داهاتەکەی هەیەتی.

لەو بارەیەوە مەلا بەختیار وتی، "لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان توشی قەیرانی سیاسی و ئابوری بووە، دەسەڵات و حکومەت چەند ساڵێکە لە کوردستاندا نە پلانی هەبووە نە توانیوێتی وەک پێویست خزمەتی خەڵکی ئەو ناوچانە بکات، وە خزمەتگوزاری نییە لە ناوچانە. سێ کۆلێژ لە خانەقین هەیە ئەوە چەند ساڵێکە دەرچوەکانیان لە هەرێم دانامەزرێن پێیان دەڵین ئێوە خەڵکی ناوچە کێشە لەسەرەکانن، لە کاتێکدا کۆلێژەکان خۆمان دروستمان کردوون لەو کۆلێژانە تەخەرووج دەکەن کە خۆمان دروستمان کردوون، لە وەزارەتەکانی هەرێم داوای دامەزراندن دەکەن پێیان دەڵێن پەیوەندیتان بە هەرێمەوە نییە، ئەوە خۆی و کەس و کاری چۆن دەنگ بە کورد دەدەن؟"

وتیشی، " پەروێزخان بە نزیکی ڕۆژانە ۱۵۰ هەزار بۆ ۲۰۰ هەزار داهاتی هەیە مانگی ۶ بۆ ۸ ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە، پەروێزخان هی خانەقینە، لەم داهاتە لەسەدا ۵ی بۆ خانەقین تەرخان بکرایە، خانەقین دەبوو بە بەهەشت. منەتیش دەکەن کە ئیدارەی گەرمیان خزمەتی خانەقینی کردووە لە کاتێكدا ئەوان هەموو داهاتی خانەقینیان بردووە. کەمێکیان سەرف کردووە سوپاسیان دەکەم ، بەڵام داهایی پەروێزخان و مەنزریە هی خانەقینن، نەفت خانە هی خانەقینە، ئێ خەڵکەکە ناڕازیە و و بێزارە."

لە درێژەی وتوێژەکەیدا، مەلا بەختیار ئاماژەیدا بە "هەڵە ستراتیژیەکەی کورد" لەو ناوچانە و وتی، "سایکۆلۆژیەتی کورد یەکگرتنە. لەوەتەی کورد هەیە لە مەلۆتکەوە منداڵ بەخێو دەکات دەڵێت کورد دەبێت یەکگرتو بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بە درێژایی مێژوو سەرکردەکانی کورد یەکگرتوو نەبوون و لەم هەڵبژاردنەش باجەکەیاندا. یەکگرتوو بونایە تەوژمێکی گەورەیان دەدا بە هەڵبژاردنەکە بەرای من هەم لە کەرکووک و هەم خانەقین و مەخمور و شەنگالیش دەنگی زیاتر بۆ کورد دەهات".

News Code 222718

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha