هەر یەک لە کورد، عەرەب و تورکمان چەند کورسی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەکووک مسۆگەر دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بە لەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ناوچە کوردییەکانی کەرکووک ۶ کورسی و ناوچەی تێکەڵ ۵ کورسی و ناوچەی عەرەبی ۴ کورسییان بەردەکەوێت، پێشبینی دەکرێت پێکهاتەی کورد بەسەرجەم هاوپەیمانی و لیستەکانیەوە ۸ کورسی لە کەرکووک بباتەوە، پێکهاتەی عەرەبی بە کورسی کۆتاکەیەوە ۵ کورسی و پێکهاتەی تورکمان ۳ کورسی بەرنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەو میدیا بڵاوی کردەوە: زیاتر لە ۱۸ ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکووک ئەنجام نەدراوە، رۆژی ۲۷ی ئازاری ۲۰۲۳ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد و بڕیاریدا لە ۱۸/۱۲/۲۰۲۳ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێگاکان بکرێت بە پارێزگای کەرکووکیشەوە، بەڵام لە هەموارەکەدا مادەی ۱۳ تەرخانکراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، کە سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام لە بڕگەی دووەمی مادەی ۱۳ی هەمواری یاساکەدا هاتووە" "ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نابنە بنەمای یاسایی و ئیداری پەیوەست بە دیاریکردنی داهاتووی کەرکووک". لە بڕگەی چوارەم و کۆتایی مادەی ۱۳دا ئاماژە بەوەکراوە" "دەسەڵات بەپێی نوێنەرایەتیکردنێکی دادپەروەرانە دابەشدەکرێت، کە زامنی بەشداریکردنی پێکهاتەکانی پارێزگاکە بکات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان".

بۆهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک:

•     ۸۷۰ هەزار و ۹۲۰ کەس مافی دەنگدانیان هەیە

•    دەنگدانی گشتی ۸۱۳ هەزارو ۵۹۰ دەنگدەر

•    دەنگدانی تایبەت ۵۷ هەزارو ۳۳۰ دەنگدەر

•    ژمارەی بنکەکانی دەنگدان ۳۴۴ بنکە

•    ژمارەی وێستگەکانی دەنگدان ۲۰۳۳ وێستگە

بۆ هەڵبژاردنی ۱۸/۱۲/۲۰۲۳ ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ۱۵ کورسی دیاریکراوە لەگەڵ کورسیەکی کۆتا ئەگەر بەلەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی پێشوو کە ۱۲ کورسی بوو کورسیەکان دابەشی ناوچەکان بکرێت:

•    باکووری کەرکووک کە ناوچەی زۆرینەی کوردە، لە هەڵبژاردنی پێشوو ۵ کورسی بۆ بازنەی یەک دیاری کرابوو بەلەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی پێشوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەو ناوچەیە ۶ کورسی بەردەکەوێت.

•    باشووری کەرکووک زۆرینەی پێکهاتەی عەرەبە لە هەڵبژاردنی پێشوو ۳ کورسی بۆ دیاری­کرابوو، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی پێشوو ئەو ناوچەیە ۴ کورسی بەردەکەوێت.

•    ناوەڕاستی کەرکووک کە تێکەڵە لە کورد، تورکمان، عەرەب، ۴ کورسی بۆ دیاری کرابوو، بەلەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی پێشوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە ۵ کورسی بەردەکەوێت.

لە هەڵبژاردنی پێشوودا ۱۰/۱۰/۲۰۲۱ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کەرکووک:

•    کورد: ۶ کورسی بردەوە

•    عەرەب: ۴ کورسی بردەوە

•    تورکمان: ۲ کورسی بردەوە

ئەگەر دەنگ و کورسیەکانی هەڵبژاردنی پێشوو بەسەر هەڵبژاردنی ئەمجاردا دابەشبکرێتەوە کورسیەکان بەم شێوەیەی لێدێت.

•    پێکهاتەی کورد: ۸ کورسی

•    پێکهاتەی عەرەب: ۵ کورسی بە کورسی کۆتاوە

•    پێکهاتەی تورکمان: ۳ کورسی

لە هەڵبژاردنی رابردوو ۲۰۲۱ رێژەی دەنگدانی بازنەکانی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بووە:

•    بازنەی یەکەم ۴۶۱ هەزارو ۳۲۸ کەس مافی دەنگدانی هەبوو، ۱۶۸ هەزارو ۹۹۷ کەس دەنگیدا، ناوچە کوردییەکان رێژەی دەنگدان ۳۷% بووە، لە کۆی ۵ کورسی، ۴ کورسی بۆ کورد و ۱ کورسی بۆ پێکهاتەی عەرەبی بوو.

•    بازنەی دووەم، ۳۹۸ هەزار و ۱۷۰ کەس مافی دەنگدانی هەبوو، ۱۴۳ هەزارو ۷۲۴ کەس دەنگیدا ناوچەی تێکەڵ رێژەی دەنگدان ۳۶% بووە، لەکۆی ۴ کورسی، ۲ کورسی بۆ کورد و ۲ کورسی بۆ تورکمان.

•    بازنەی سێیەم ۲۱۷هەزارو ۴۳۰ کەس مافی دەنگدانی هەبووە، ۹۶ هەزارو ۹۹۶ کەس دەنگی داوە ناوچەی عەرەبی رێژەی دەنگدان ۴۵% بووە، لەکۆی ۳ کورسی پێکهاتەی عەرەبی سەرجەم کورسیەکانی بردووە.

ئەگەر دەنگەکانی هەڵبژاردنی پێشوو ۱۰/۱۰/۲۰۲۱ بە شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراوە ۱.۷ بەسەر رێژەی کورسییکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا بچەسپێنین بەم شێوەیەی لێدێت:

•    ناوچەی یەکەم: کە زۆرینەی کوردەو گەڕەکە کوردییەکان و پردێو  لەیلان و ناوچە کوردییەکان دەگرێتەوە نزیکەی ۶ کورسی بەردەکەوێت، چاوەڕوان دەکرێت کورد هەر ۶ کورسیەکە بەرێت، ئەگەر ماوەی بەهێزی سانتلیگۆ بەهۆی فرە لیستی کوردەوە کورسیەک نەدات بە پێکهاتەیەکی تر.

•    ناوچەی دووەم: کە ناوچەیەکی تێکەڵەو ناوچەی داقوق و گەڕەکەکانی ناوەڕاستی کەرکووک دەگرێتەوەو زۆرینەی تورکمانەکان لەم ناوچەیە دەژین۵ کورسی بەردەکەوێت، پێشبینی دەکرێت کورد ۲ کورسی و تورکمان ۳ کورسی بەربکەوێت.

•    ناوچەی سێیەم: کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە پێکهاتەی عەرەبن و ناوچەکانی حەویجەو رەشاد و ریازو عەباسی و گەڕەکە عەرەب نشینەکانی دەگرێتەوە، ۴ کورسی بەردەکەوێت، هەرچوار کورسیەکە بۆ پێکهاتەی عەرەبیە و کورسی کۆتاکەش چاوەڕوان دەکرێت حزبکەی رەیان کلدانی بیباتەوە واتا پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکووک ۵ کورسی بەردەکەوێت.

•    بەپێی ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوە بۆ هەڵبژاردنی ۱۸/۱۲/۲۰۲۳ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک:

•    کورد بەسەرجەم لیستەکانیەوە: ۸ کورسی دەباتەوە

•    عەرەب بەسەرجەم لیستەکانیەوە: ۵ کورسی بە کورسی پێکهاتەوە دەباتەوە

•    تورکمان بەسەرجەم لیستەکانیەوە: ۳ کورسی دەباتەوە.

News Code 222685

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha