بەشداری کردنمان لە حکوومەت هەڵەبوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بەشداری کردنیان لە حکوومەتدا هەڵە بووە و جێبەجێ‌نەکردنی ئەو بەرنامەیەی دایاننابوو وایکرد لە ئاست خواست و داواکاری خەڵکدا نەبن و دەنگەکانیان کەمی کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە: "بزووتنەوەی گۆڕان حیزبی هەڵبژاردنە و ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی بەشدارییەکی کارای هەڵبژاردن بکەین، بەڵام تێبینیشمان لەبارەی ئامادەکاری هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران هەیە، ئێستا سەرقاڵی خۆ رێکخستنەوەین و دەمانەوێت بە باشی خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکەین".

 ناوبراو گوتیشی، "دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، بڕیار دەدرێت چی دەکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتن بە دەستبهێنین، کەمکردنی دەنگەکان تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵکو لایەنەکانی دیکەش دەنگەکانیان کەمیکردووە، گۆڕان لەسەر ناڕەزایی خەڵک و داخوازی بۆ ژیانێکی باشتری خەڵک دروستبووە، بۆیە ئاساییە ئەگەر دەنگەکانی کەم بکات".

 نزار مەحموود، جەختی کردەوە، "ئەو دەنگدەر و هەڵسوڕاوانەی پێشتر دەنگدەری گۆڕان بوون، نەبوون بە لایەنگری حیزبی دیکە و دەنگیان بە حیزبی دیکە نەداوە، بەڵکو بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە لە ئەدای بزووتنەوەی گۆڕان ناڕازی بوون".

 لەبارەی هۆی کەم کردنی دەنگەکانیان، ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی دەڵێت، "لە چەند ساڵی رابردوو نەمانتوانی لە ئاست داوا و خواستی خەڵکدا بین، بەشێکی پەیوەندی بە سیستمی حکومڕانییەوە هەبووە لە هەرێمی کوردستان، بەشداریکردنمان لە حکوومەتدا هەڵەبوو، نەدەبوو بە ۱۲ کورسییەوە بەشداری لە حکوومەتدا بکەین، چونکە بەشداریکردن بە ۱۲ کورسییەوە دەبێتە کەمینە لە حکوومەتەکەدا، لە کاتێکدا لایەنەکانی دیکەی نێو حکوومەت نایانەوێت چاکسازی بکرێت".

 ناوبراو باسی لەوەش کرد، "دوای پێنج ساڵ لە بەشداریکردنمان لە حکوومەت بەشێکی پۆستەکانمان وەرنەگرتووە، یەکێک لەو پۆستانە یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتە بۆ کاروباری چاکسازی تاوەکو ئێستا ئەو پۆستەمان وەرنەگرتووە، بۆیە ناتوانیت ئەو بەرنامەیەی کە داتناوە جێبەجێی بکەیت بە تایبەت کە حکوومەتەکەش لەگەڵ پارتی و یەکێتی بێت، پێویستت بەوەیە بەهێزبیت بۆ ئەوەی بتوانی چاکسازی بکەیت".

 سەبارەت بە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، "ئێستا سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، دوای ئەو هەڵبژاردنە بە ماوەیەکی کەم کۆنفرانسی نیشتمانی دەکرێت، کۆنفرانسی نیشتمانی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، ئەگەر پرسێکی لە ناکاو دروست نەبێت ۹ـی مانگی داهاتوو خانەی راپەڕاندن و رێکخەر هەڵدەبژێردرێت".

News Code 222568

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha