دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن بوونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانییەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لاهوور شێخ جەنگى لە یادى دروست‌کردنى شاری سلێمانیدا، پەیامێکى بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، سلێمانی شارێکە کە هەمیشە داهێنەر و پێشەنگ و ڕچەشکێن بووە، بەڵام لە ڕووی ئاوەدانی و خزمەتکردنەوە لە پاشەکشەدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهوور شێخ جەنگى لە پەیامەکەیدا دەڵێت: سلێمانی کە زیاترە لە شارێک و گەورەترە لە هەموو ئەو ناو و پێناسانەی کە بۆی کراون، چوونکە مێژووی خەبات و خوێندەواری و فیداکاریی سیاسیی و داهێنانی ڕۆژنامەوانی و فکری و ئەدەبی ئەو شارە لە ئاستێکدایە، کە بە بێ سلێمانی کەلێنێکی گەورە لە تێکڕای ئەو کایە سیاسی و ئەدەبی و فکری و ڕۆشنبرییە هەیە و هەمیشە لە مێژووی کۆن و نوێدا سلێمانی پڕی کردوونەتەوە.

ناوبراو دەشڵێت: سلێمانی هەمیشە دڵی زیندووی باشووری نیشتمان بووە و لە هەموو ئاستەکاندا جێگا پەنجەی نەخش و داهێنان و ڕچەشکێنی دیاربووە بە جۆرێک بێ سلێمانی کوردستان وەک نیشتمانێکی بێ خۆر وایە.

لاهوور شێخ جەنگى زیاتر لە بارەى سلێمانییەوە نووسیویتى: سلێمانى هەمیشە داهێنەر و پێشەنگ و ڕچەشکێن بووە، بەڵام لە ڕووی ئاوەدانی و خزمەتکردنەوە لە پاشەکشەدایە، ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بوونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانی، کە هەرگیز لە مێژوودا ئەم شارە قبووڵی نەکردووە و  بەگژ هەموو غەدر و نادادی و نایەکسانی و چەوساندنەوەیەکدا چۆتەوە، ئەوەی غەدر لە سلێمانی و خەڵکە قوربانیدەرەکەی دەکات دیارە شارەزای مێژووی ئەم شارە نییە، کە چەندە دەنگێکی ئازا و ئازاد و دلێر بووە بەرامبەر بە هەموو دەسەڵاتێکی تاکڕەو و تاسەر لە کەسی قبووڵ نەکردووە.

"ناوبراو وتیشی: بۆ من و دەیانی تر سلێمانی شاری وزە و ورە و خۆڕاگری و هەستانەوە و لە دایکبوونی جووڵانەوە و شۆڕش و نوێبوونەوەیە کە خۆری هیوا و ئایندەیەکی ڕوون بێت بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و خزمەتکردن و ئارامی و ئاوەدانی بۆ سلێمانی و تەواوی کوردستان، چونکە لە مێژوودا ئەم شارە حەیاتە مەڵبەندێک بووە بۆ شۆڕش و خەباتی نوێ و کوردپەروەری" لاهوور شێخ جەنگی وای نوسیوە.

باس لەوەش دەکات،  میهرەبانیی سلێمانی لێمان دەخوازێت کە هەمیشە لەبەرەی گەل و ڕاستی و حەقدا بین و خۆمان ساز و ئامادە بکەین، لە قۆناغی داهاتوودا شان بدەینە بەر ئەرکێکی قورس بە پشتیوانیی خوای گەورە و بە هیممەتی هەمووان بۆ خزمەت‌کردن و ئاوەدانی و گەشەپێدانی سلێمانی کە لە ئاست گەورەیی و مەزنی خەبات و خوێنی شارەکەدا بێت و شایستە بێت بە مێژووە پرشنگدارەکەی لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی تری کوردستان.

News Code 222492

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha