بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، پێشوازیی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیى عێراق و ناوچەکە و چارەسەر کردنی کێشەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و پەرەپێدانی پەیوەندی دولایەنە تاوتوێ کران.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەلامەتیى هێزەکانی هاوپەیمانان و باڵیۆزخانەو نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق."
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە: "پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و ئامادەکارییەکان لەمبارەیەوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو".
Your Comment