هەردوو سەرۆک کۆماری عێراق و سووریا لە کۆبوونەوەیەکدا دوا پێشهاتەکانی غەززەیان تاوتوێ کرد

بەشی سووریا- بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا لە ڕیاز پایتەختی سعوودیا لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراقدا جەختیان لە ڕۆڵی وڵاتانی عەرەبی کرد بۆ وەستاندنی دەستدرێژیی ڕەژیمی زایۆنی بۆسەر گەلی فەلەستین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری کۆماری عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، لەتیف جەمال ڕەشید، لە پەراوێزی  کارەکانی کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی لە شاری ڕیاز، چاوی بە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری عەرەبی سووریا کەوت، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنییەتی پەرەپێدانیان و دوایین پێشهاتەکان لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و بارودۆخی فەلەستین و دەرهاویشتەکانی دەستدرێژی بۆ سەر کەرتی غەزە، تاوتوێ کران.

سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لەسەر پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان عێراق و سووریا و پێویستی پەرەپێدانی هاریکاری لە هەموو بوارەکاندا بە شێوەیەک، کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی برا بکات، هەروەها گرنگی بەردەوامبوونی پێکەوە کارکردنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، دووپات کردەوە.

هەر لە دیدارەکەدا سه‌رۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بە بایەخی هەماهەنگی و ڕاوێژکرد سەبارەت بە پرسەکانی جێی بایەخی هەردوولا لەپێناو پتەو کردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هاوکات هەڵوێستی عێراقی لە پشتیوانی کردنی گەلی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین، کە قودس پایتەختەکەی بێت، دووپات کردەوە.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌، هەروەها سەرۆک کۆماری عێراق بە توندی سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانیان کرد بۆسەر غەزە، کە خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج، جەختیشی کردەوە لە پێویستی دەستبەجێ ڕاگرتنی بۆردوومانەکان و پاراستنی خەڵکی سڤیل و دڵنیابوون لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خێزانە گەمارۆدراوەکان و دابین کردنی ڕێڕەوی ئارام بۆیان.

هەروەها سەرۆک کۆماری سووریا هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی لە پاڵپشتی کردنی هەوڵەکانی عیراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی دەربڕی و ئاماژەی کرد بە ویستی وڵاتەکەی بۆ پتەو کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هاریکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاکاندا، ستایشی هەڵوێستەکانی عیراقیشی کرد بۆ پشتیوانی کردنی لە گەلی سووریا.

News Code 222472

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha