دەنگی ئەمریکا ڕاگەیێندراوێکی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندووە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان کە دەزگایەکی فەرمی سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە زانیاریی هەڵەی لەبارەی هێرشی سەر ڕانیە بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە، ۶-۱۱-۲۰۲۳ ، نزیکی کاتژمێر ۱۱:۳۰ خولەک، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆندا لە گوندی بۆسکێنی سەر بە شارۆچکەی ڕانیە، چوار کەس برینداربوون. کەمتر لە کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە، دژەتیرۆری کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا گرووپێکی چەکدارانی پەکەکە دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون."

بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمریکا دوای ڕووداوەکە زانیارییەکانی دژەتیرۆری پشتڕاست نەکردەوە.

بە گوێرەی لێدوانی کەسی نزیکی قوربانیەکان و پزیشکی چارەسەر، هیچ کەس لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەستنەداوە و تەنها دووان لە قوربانییەکان ئەندامی پەکەکەن و ئێستا تەندروستییان جێگیرە و لە سلێمانی چارەسەر وەردەگرن.

دەنگی ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە پەیوەندی کرد بە دەزگای دژەتیرۆر و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامیان نەداوەتەوە.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ لەسەر ئەو کەیسە نەدوا، بەڵام ڕەخنەی توند لە دامودەزگا سەربازی و هەواڵگریەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت بەوەی بەهۆی زاڵبوونی هەژموون و ئەجێندای سیاسەتی حزبی لاوازبوون.

جەبار یاوەر بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،"درۆکردن لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی گرنگ و هەستیار کە پەیوەندیدارە بە هێزەکان یان ڕێکخراوەکان یان درۆ بڵاو بکرێتەوە بێگومان دەبێتە زەرەرێک بۆ ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و گشتی بۆ وڵاتەکە، دەبێتە هۆکارێک بۆ نەمانی متمانە لە نێوان هاوڵاتیان بە گشتی و راستگۆیی ئەو دامودەزگایانەی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرین."

جەبار یاوەر دەڵێت، "ئێستا لە واقعدا دەبینین گلەیی و گازندەیەکی زۆر هەیە لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی بە هەموو توانای خۆیان هاوکاری هەرێم بوون لە ڕووی دبلۆماسی و سیاسی و پشتیوانی هێزەکانی هەرێم بوون بە هەموو دامودەزگاکان بە هێزە سیاسی و ئەمنی و هەواڵگریەکان".

دەشڵێت "لە سەرووی هەمویانەوە ئەمەریکا لەم دوو سێ ساڵەی دوایی گلەیی و گازندەی زۆر دەکەن دەربارەی شێوازی بەکارهێنانی ئەو ‌هێزانە هەم مامەڵەکردنی ئەو هێزانە لە کاری ڕۆژانەیاندا لەگەڵ رووداوەکاندا، لەگەڵ شێوازی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان هەم شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ یەکتریدا."

دوای ڕووداوەکەی ڕانیە، بەشێک لە میدیا جیهانیەکانیش هەواڵەکەیان لە زاری دژە تیرۆرەوە بڵاوکردەوە، کە گوایە هێرشەکە چوار چەکداری پەکەکەی کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە دوانیان کوژراون. بەڵام دەنگی ئەمەریکا لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەیداوە کە هیچ کەس لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەست نەداوە و دوو لە بریندارەکانیش مەدەنین.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمریکا لە ڕێگەی نەخۆشخانە و کەسی نزیکی قوربانیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو لەو بریندارانە ناویان وەفا و زولفایە و خەڵکی ڕۆژئاوان و ئەندامن لە ڕێکخراوێکی ژنانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان. هەروەها دەنگی ئەمەریکا زانیوێتی کە یەکێک لە ژنەکان هەردوو قاچی لەدەستداوە و یەکێکی تریشیان تەنها قاچی شکاوە.

News Code 222468

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha