بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە، ۰۶-۱۱-۲۰۲۳، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەی ڕاکێشانی بۆری گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەیەکى کارەباى کەرکووک دەڵێت، ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەکاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاکانەوە هەبووە و کۆمپانیای دانەگاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی کوندینسیت بەکاریهێناوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لە کۆبوونەوەی رۆژی ۲-۱۰-۲۰۲۳ بە دانەگازمان راگەیاندووە کە نابێت بەبێ رەزامەندی ئێمە، گازی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هیچ شوێنێکی ناوخۆ و دەرەوە هەناردە بکەن."
هاوکات ۶-۱۱-۲۰۲۳، ئەحمەد نەجمەدین، بەرپرسی هۆبەى بونیاتنان لە کۆمپانیاى هێڵەکانى نەوت لە کەرکووک کە سەر بە وەزارەتى نەوتى عێراقە بە تۆڕى میدیایی ڕووداوى راگەیاندووە، "پڕۆژەى ڕاکێشانى هێڵى گواستنەوەى گاز لە کێڵگەى کۆرمۆرى ناحیەى قادرکەرەمەوە بۆ وێستگەى کارەباى تازە، کۆتاییهات. پڕۆژەکە لە ۵ـی تشرینى یەکەم دەستیپێکرد و لەماوەى ۱۵ رۆژدا تەواو بوو."
ئەو بۆرییە دەتوانێت ڕۆژانە ۱۰۰ ملیۆن پێ سێجا گاز بگوازێتەوە، لەکاتێکدا دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە تاوتوێى سکاڵایەک کرد کە دژى کڕینى گاز لە هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە.
دانیاڵ هەمەوەندى، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى کەرکووک لەبارەیەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ڕاکێشانى ئەو هێڵەى گازى کۆرمۆر بۆ وێستگەى تازە بەهۆى کەمى گازەوەیە. وێستگەکە سوود لەو گازە وەردەگرێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا."
Your Comment