دەسەڵاتەکانی بافڵ تاڵەبانی زیاترن لە مام جەلال/ لە کۆنگری پێنجەمدا ۱۵ دەسەڵاتی بە سەرۆکی یەکێتی داوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رۆژی سێیه‌می كۆنگره‌ی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان به‌رێوه‌چوو كه‌ جگه‌ له‌ په‌سه‌ندكردنی په‌یره‌و سه‌ركردایه‌تیش تێیدا هه‌ڵده‌بژێردرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەیڕەوەکە ۱۵ دەسەڵاتی بە سەرۆکی یەکێتی داوە، لە نێویاندا سەرپەرشتی کردنی کاروباری دارایی و پەیوەندییەکان، سەرپەرشتی کردنی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی، دەستنیشان کردنی وتەبێژ و هاوئاهەنگی کردن لە نێو ئەنجوومەنەکە.

لە رەشنووسی پەیڕەودا، لە پێناسەی سەرۆکدا هاتووە: "سەرۆک، راگری یەکدەنگی و یەکڕیزی یەکێتییە و کاردەکات بۆ پاراستن و جێبەجێ کردنی پەیڕەوی ناوخۆ و یەکڕیزی و یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەکان و نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەن لە ناوەوە و لە دەرەوە و لەبەردەم دامودەزگا حکومی و یاساییەکاندا."

 

ئەوەی دەبێتە سەرۆکی یەکێتی دەبێت چوار مەرجی تێدا بێت:

- تەمەنی لە ۴۰ ساڵ کەمتر نەبێت.

- ناو و ناوبانگی باشی هەبێت و شارەزا بێت لە سیاسەتدا.

- لانیکەم ۱۰ ساڵ خەباتی سیاسیی و رێکخراوەیی لە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ دابڕان هەبێت.

- بەهیچ تاوانێکی ئابڕووبەر حوکم نەدرابێت.

 

مادەی ۲۸ـی پەیڕەو باسی هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتی دەکات کە لە کۆنگرە دەبێت و ئەگەر تاکە بەربژێر بێت ئەوا دەنگدان بە ئاشکرا دەبێت، بەڵام ئەگەر لە بەربژێریک زیاتر بۆ ئەو پۆستە هەبێت، هەڵبژاردن بە نهێنی و ئازاد و زۆرینەوەی دەنگەکان دەبێت.

مادەی ۲۹ـی پەیڕەو کە باسی راسپاردنی کەسێک بۆ راپەڕاندنی کارەکانی سەرۆک دەکات ئەگەر سەرۆک ئامادەنەبوو، هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسند دەکرێت.

ئەگەر سەرۆک لە پۆستەکەیدا نەما، مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە ۶۰ رۆژدا سەرۆکێکی دیکە بە کاتی هەڵدەبژێرێت.

ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتی:

مادەی ۳۰ـی پەیڕەوەکە باسی ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکات، کە بە گوێرەی پەیڕەوەکە ۱۵ دەسەڵاتی دەبێت:

- بەرپرسیارە لە جێبەجێ کردنی بڕیار و سیاسەتەکانی یەکێتی.

- سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی دەکات و لەکاتی وەک یەکبوونی دەنگەکان، دەنگی سەرۆک یەکلاکەرەوەیە.

- سەرپەرشتی کاروباری دارایی و پەیوەدنییەکان و هەر کاروبارێکی دیکە دەکات، کە لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی بێت.

- نوێنەرایەتیی یەکێتی لە دەرەوە و ناوەوە دەکات.

- هاوئاهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنەکانی سەرکردایەتی، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و ئەنجوومەنی پشتیوانی دەکات.

- رێککەوتنە سیاسییەکان دوای پەسندکردنی لە سەرکردایەتیی یەکێتی واژۆ دەکات.

- گشتاندنی رێسا پەسەندکراوەکانی سەرکردایەتی دەکات.

- ئامادەکردنی راپۆرتی ساڵانەی سیاسی و رێکخراوەیی بۆ پێشکەش کردنیان  لە کۆنگرە و دیدارەکان.

- مەکتەبێکی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی پێکدەهێنێت، بەرپرسە لە رێکخستنی کارە کارگێڕییەکانی سەرۆک، بە رێسایەک پێکهاتە و بەشەکانی دیاریدەکرێت.

- دەزگای دارایی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی کاروباری یاسایی، پەیوەندییەکانی بەغدا و عێراق، پەیوەندییەکانی دیکەی یەکێتی راستەوخۆ بە سەرۆکەوە دەبەسترێنەوە.

- لەناو سەرکردایەتیی یەکێتی وتەبێژ دیاریدەکات.

- فەرمانی دامەزراندن لە پۆست بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی یەکەمی سەرجەم دامودەزگاکانی مەکتەبەکانی یەکێتی دەردەکات.

- پارێزەری سامان و موڵک و داهاتی یەکێتی دەبێت و نابێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی و کەسوکارەکەی بەکاریانبهێنێت.

- پابەند دەبێت بە پەیڕەوی ناوخۆ و بەرپرسیارە لە جێبەجێ کردنی.

- هەر ئەرک و دەسەڵاتێکی دیکە لەم پەیڕەوەدا بۆی دیاری بکرێت.

News Code 222218

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha