یەکڕیزی و ئاشتی لە کوردستان و عێراق دەپارێزین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەیدا لە سلێمانی رایگەیاند، دەبێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەموو هێزە عێراقی و کوردستانییەکان بەهێزتر بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی گوتی، لەنێو ئەم قەیرانە ئابوورییەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرە دەبەستێت، "دوو هەڵبژاردنمان لەپێشە و کۆنگرە دەبەستین، ئەمە بەهێزیی یەکێتییە و متمانەمان بە یەکدی هەیە.

ناوبراو گوتیشی، "ئەمرۆ بەیەکەوە قۆناخێکی تازە دەستپێدەکەین، پێویستە میلـلەتەکەمان ئاشتبکەینەوە، پێویستە حیزبەکەمان چەند یەکڕیزە، یەکڕیزتری بکەین، دەست لەناو دەست دەبێ ئامادەبین هەموو قوربانییەک بدەین بۆ گەلەکەمان."

بافڵ تاڵەبانی لە بەشێکی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، "ئیشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تازە دەستپێدەکات و دەبێت بەیەکەوە بین و دەست لەناو دەست و شان لە شان. هەرچی پۆست و پلەیەک بدەن بەمن، بە گۆڕی ئاکام، قەت بەجێتان ناهێڵم، قەت ناهێڵم نەیار و دوژمنەکانتان زاڵ بن بەسەرتان."

لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بافڵ تاڵەبانی گوتی، دەبێت پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بکەن و جەختی لەوە کردەوە، "دەبێت گەشە بەو رێککەوتنە ستراتیژییەی کورد و شیعە بدەین، بەڵکو دەوڵەمەندی بکەین. برا سوننەکانمان و برا کریستیانەکانمان، هەموو لایەک کە ئامادەیە بۆ یەکڕیزی و میللەت، دەبێ ئێمە دەستیان بگرین و باوەشیان پێدا بکەین. بۆ ئازادی و دیموکراسی خەبات بکەین."

 

دەقی گوتاری بافڵ تاڵەبانی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

میوانە بەڕێزەکانمان

تێکۆشەرەکانمان

ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زۆر زۆر بەخێربێن بۆ کۆنگرەی پێنجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئێمە لێرە بە یەک رووحیەت کۆبووینەتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهێزبکەین تا وەکو پێویست بتوانین خزمەتی میللەتەکەمان بکەین، رێز دەگرین لە خوێنی شەهیدەکانمان، رێبازی مام جەلال دەپارێزین، بە فەلسەفەی مام جەلال سیاسەت دەکەین و دەژین. تێکۆشەرەکانمان، ماڵە شەهیدەکانمان، زیندانە سیاسییەکانمان، کەمئەندامەکانمان، پێشمەرگەکانمان، دۆست و رەفیقەکانمان و میللەتەکەمان دەخەینە سەر سەر و سەر چاومان.

ئەمرۆ بەیەکەوە مەرحەلەیەکی تازە دەستپێدەکەین، پێویستە میللەتەکەمان ئاشتبکەینەوە، پێویستە حیزبەکەمان چەند یەکڕیزە، یەکڕیزتری بکەین، دەست لەناو دەست دەبێ ئامادەبین هەموو قوربانییەک بدەین بۆ گەلەکەمان. لێرەدا پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی برایەتی و ئاشتی درێژبکات بۆ هەموو حیزبەکانی کوردستان، بۆ هەر لایەنێک کە بڕوای یە یەکسانی و یەکڕیزی هەیە، ئێمەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێ عیلاقاتمان بپارێزین و بەقوەت بکەین لەگەڵ خوشک و براکانمان لە بەغدا، دەبێ گەشە بەو ئیتیفاقە ستراتیژییەی کورد و شیعە بدەین، بەڵکوو دەوڵەمەندی بکەین. برا سوننەکانمان و برا کریستیانەکانمان، هەموو لایەک کە ئامادەیە بۆ یەکڕیزی و میللەت، دەبێ ئێمە دەستیان بگرین و باوەشیان پێدا بکەین. بۆ ئازادی و دیموکراسی خەبات بکەین.

هەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە ئەوەندە بەقوەتە کە لەپێش دوو هەڵبژاردنە کۆنگرە دەبەستێت، لەناو ئەم قەیرانە ئابوورییە کۆنگرە ببەستێت، ئەمە دەیسەلمێنێت کە چەند متمانەمان بە یەکدی هەیە، چەند متمانەمان بە کادیرەکانمان هەیە، چەند متمانەمان بە میللەتەکەمان هەیە، دەبێت ئێمە دیفاع لە میللەتەکەمان بکەین، دەبێت کوردستان بکەینە بەهەشتێک کە خەڵک بتوانێت بە ئازادی تێیدا بژی، بتوانێت بێترس رای خۆی بڵێت، دەبێ دیفاع بکەین لە مافەکانی ژنان و لە پێکهاتەکان. لەم کۆنگرەیە داواتان لێدەکەم کە بەرنامەیەکی تایبەت دابنێن بۆ لاوان و گەنجان.

راستە کوردستان نەوت و غازی هەیە، بەڵام ئەوەی کە بەڕاستی ئێمە دەولەمەند دەکات ئەو گەنجانەن کە وەکو ئەستێرە لە ئاسمان دەبریسکێنەوە و بەداخەوە وەکو پێویست خزمەت نەکراون. دووبارەی دەکەمەوە؛ ئێمە خزمەتی میللەتەکەمان دەکەین، ئەمن، ئاسایش و کەرامەتیان دەپارێزین، یەکڕیزی و ئاشتی لە کوردستان دەپارێزین.

زۆر ناڵێم! چونکە لەم چەند رۆژە مەجال زۆر دەبێ قسە بکەین و مناقەشەی هەموو شتێک دەکەین، ئەمڕۆ ئاخر جارە من وەکو سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەتان لەگەڵ بکەم، پێنج دەقیقەی تر من دەبم بە ئەندامێکی بەسیت، من دەمەوێ ئەم مەجالە وەربگرم بۆ ئەوەی سوپاسی یەک بە یەکتان بکەم کە ئەو سیقەیەتان بە من هەبوو ئەم دوو ساڵە بەیەکەوە خەبات بکەین.

گەورەبوونە بۆ من کە مەجالێکتان دا خزمەتتان بکەم، چی رووبدات لەم کۆنگرەیە بەیەکەوە ئەبین و دڵنیابن هەر بەیەکەوە ئەبین، ئیشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تازە دەستپێدەکات، هەرچییەک ببێت ئێمە بەیەکەوەبین؛ دەست لەناو دەست و شان بە شان. هەر پۆست و پلەیەک بدەن بە من، بە گۆڕی ئاکام، بەڵێنتان پێدەدەم قەت بەجێتان ناهێڵم، قەت ناهێڵم نەیارەکانتان و دوژمنەکانتان زاڵبن بەسەرتان.

ئێمە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانین، ئێمە حیزبی تێکۆشەر و شەهیدانین، حیزبی قارەمانەکانین، حیزبی دیکتاتۆر رووخانین، هەر بۆ خوای گەورە سەر دائەنەوێنین و بەس.

News Code 222204

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha