کەنەکە لە راگەیەندراوێکدا شەرمەزاری تیرۆرکردنی دەنیز جەودەت ئەندامی کەنەکە لەنێو ئۆفیسی هەولێر دەکات و داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو دەستی تیرۆرە ئاشکرا بکەن و پارێزگاریش لە ئەندام و ئۆفیسەکەیان بکەن.
هاوکات ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی گشتیی کەنەکە بە میدیای نزیک لە پەکەکەی راگەیاند، هێرشێکی بەمجۆرە لەسەرمان لە ناو شاری هەولێردا تاوانێکی گەورەیە و ئاسایشی هەولێر لەم هێرشە بەرپرسیارە، ئاسایشی هەولێر لەبەر ئەوەی وێڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی لەسەر کەنەکە هەیە و ئەمنییەتی نووسینگەی کەنەکەی نەپارستووە، تاوانبارن.
قەرەموس وتیشی: ئێمە بانگەوازیی دەکەین لە هەموو پارت و ڕێکخراو و هێزە کوردییەکان بەتایبەتی لە باشووری کوردستان کە بێدەنگ نەبن و هەڵوێست دەرببڕن، چونکە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان نە هێزێکە و نە پارتێکی سیاسییە، بەڵکوو چەترێکە بۆ ٣٨ پارت و هێز و ڕێکخراوی کوردیی لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بۆ یەکڕیزیی و یەکێتیی نەتەوەیی کورد تێدەکۆشێت، ئەو کەسەی کە ئەو هێرشەی ئەنجامداوە مومکین نییە بەبێ هاوکاری دەسەڵاتدارانی باشوور ئەو بوێرییەی کردبێت.
لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە، بانگەوازیی لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی هەرێم دەکەن دەمودەست هەڵوێستی خۆیان لە دژی ئەم هێرشە دەرببڕن، نووسینگەی کەنەکە لەژێر چاودێری ئاسایشدایە و کامێرای چاودێریی هەیە، بۆیە دەبێت دەمودەست بکوژ دەستگیربکرێت و بە سزای خۆی بگەیەندرێت.
شایانی باسە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە هێرشێکدا بۆ سەر ئۆفیسی نوێنەرایەتی کەنەکە لە هەولێر دەنیز جەودەت ئەندامی رێکخراوەکە کوژرا.
Your Comment