کەنەکە داوای پاراستنی ئۆفیس و ئەندامەکانی لە هەرێمی کوردستان دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمیتەی هەرێمی کوردستانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە داوای پارێزگاری لە ئۆفیسە فەرمییەکەی و ئەندامەکانی لە حکومەتی هەرێم دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەنەکە لە راگەیەندراوێکدا شەرمەزاری تیرۆرکردنی دەنیز جەودەت ئەندامی کەنەکە لەنێو ئۆفیسی هەولێر دەکات و داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو دەستی تیرۆرە ئاشکرا بکەن و پارێزگاریش لە ئەندام و ئۆفیسەکەیان بکەن.

هاوکات ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی گشتیی کەنەکە بە میدیای نزیک لە پەکەکەی راگەیاند، هێرشێکی بەمجۆرە لەسەرمان لە ناو شاری هەولێردا تاوانێکی گەورەیە و ئاسایشی هەولێر لەم هێرشە بەرپرسیارە، ئاسایشی هەولێر لەبەر ئەوەی وێڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی لەسەر کەنەکە هەیە و ئەمنییەتی نووسینگەی کەنەکەی نەپارستووە، تاوانبارن.

قەرەموس وتیشی: ئێمە بانگەوازیی دەکەین لە هەموو پارت و ڕێکخراو و هێزە کوردییەکان بەتایبەتی لە باشووری کوردستان کە بێدەنگ نەبن و هەڵوێست دەرببڕن، چونکە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان نە هێزێکە و نە پارتێکی سیاسییە، بەڵکوو چەترێکە بۆ ٣٨ پارت و هێز و ڕێکخراوی کوردیی لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بۆ یەکڕیزیی و یەکێتیی نەتەوەیی کورد تێدەکۆشێت، ئەو کەسەی کە ئەو هێرشەی ئەنجامداوە مومکین نییە بەبێ هاوکاری دەسەڵاتدارانی باشوور ئەو بوێرییەی کردبێت.

لە کۆتاییشدا جەختی‌ کردەوە، بانگەوازیی لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی هەرێم دەکەن دەمودەست هەڵوێستی خۆیان لە دژی ئەم هێرشە دەرببڕن، نووسینگەی کەنەکە لەژێر چاودێری ئاسایشدایە و کامێرای چاودێریی هەیە، بۆیە دەبێت دەمودەست بکوژ دەستگیربکرێت و بە سزای خۆی بگەیەندرێت.

شایانی باسە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە هێرشێکدا بۆ سەر ئۆفیسی نوێنەرایەتی کەنەکە لە هەولێر دەنیز جەودەت ئەندامی رێکخراوەکە کوژرا.

News Code 222155

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha