بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دامەزراوەی میدیایی درەو لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: کەرکووک بۆ کورد لەم هەڵبژاردنەدا خاڵی یەکلاکەرەوەیە پەرتەوازبوون و ململانێی حزبی دەرفەتی وەرگرتنەوەی کورسی پارێزگاریی شارەکەی زەحمەت کردووە لەبەرامبەردا دەرگای گۆڕینی ئەمری واقیعی لەدوای رووداوەکانی ۱۶ی ئۆکتۆبەری ساڵی ۲۰۱۷ بۆ شەرعیەتی سندوقەکانی دەنگدان لەبەردەم پێکهاتەکانی تر خستووەتە سەرپشت بەوەش چارەنووسی کەرکووک کەوتووەتە تونێلێکی نادیارەوە.
فەرمانگەی کاروباری پارتەکان و رێکخراوە سیاسیەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیستی هاوپەیمانێتیەکانی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق راگەیاند.
بەپێی راگەیاندراوەکەی کۆمیسیۆن ۵۰ هاوپەیمانێتی سیاسی لە عێراق کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ۲۷۵ ئەنجومەنە خۆجێیەکان دەکەن لە ۱۵ پارێزگای عێراق کە بڕیاڕە رۆژی ۱۸ی کانونی یەکەمی ۲۰۲۳ بەڕێوەبچێت.
چارەنووسی کەرکووک لە ململانێکاندا
هێزە کوردیەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا کێبڕکێی لەسەر ۷۱ کورسی پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەدین و دیالەو نەینەوا دەکەن.
*پاێزگای کەرکووک ۱۵ کورسی
*پارێزگای نەینەوا ۲۶ کورسی
*پارێزگای سەڵاحەدین ۱۵ کورسی
پارێزگای دیالە ۱۵ کورسی
لەکۆی ئەو ۵۰ هاوپەیمانێتیەی هێزو لایەنە بەشدارەکان لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق پێکیانهێناوە کورد سێ هاوپەیمانێتی هەیە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک.
*هاوپەیمانی کەرکووک هێزو ئیرادەمانە هاوپەیمانێتی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستانی.
*هاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکووک هاوپەیمانێتی نێوان یەکگرتوو ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستانە.
*هاوپەیمانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی ئیسلامی عێراقی و چەند لایەنێکی دیکە .هێشتا رایان نەگەیاندووە
_جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک دەکات.
-بزوتنەوەی گۆڕان بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک دەکات.
-حزبی سۆسیالیستی کوردستان بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک دەکات.
-حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە.
دەنگی حزبەکان لە سێ هەڵبژاردندا
لەسێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە ساڵەکانی ۲۰۱۴_۲۰۱۸_۲۰۲۱ بەڕێوەچووە دەنگی حزبە کوردییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکووک بەمشێوەیە بووە:
*ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ۲۰۱۴:
-یەکێتی نیشتمانی کوردستان ۲۰۹.۹۶۴ دەنگ
-پارتی دیموکراتی کوردستان۶۳.۰۷۶ دەنگ
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ۶.۹۳۳ دەنگ
-کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ۴.۹۰۸ دەنگ
*ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ۲۰۱۸:
-یەکێتی نیشتمانی کوردستان ۱۷۷.۹۲۰ دەنگ
-پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکرد.
-جووڵانەوەی نەوەی نوێ ۱۳.۶۵۵ دەنگ
-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ۴.۷۸۴ دەنگ
-کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ۱.۵۰۰ دەنگ
*ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ۲۰۲۱:
-یەکێتی نیشتمانی کوردستان ۷۰.۸۶۶ دەنگ
-پارتی دیموکراتی کوردستان ۴۹.۵۳۸ دەنگ
-جووڵانەوەی نەوەی نوێ ۲۵.۳۹۱ دەنگ
-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەشداری نەکرد.
-کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەشداری نەکرد.
لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا رێژەی دەنگی پێکهاتەکانی کەرکووک بەم شێوەیەیە:
بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکووک کە لە ۱۰/۱۰/۲۰۲۱ بەڕێوەچوو _ کە پارێزگاکە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەکەی هەڵبژاردن ۴۰۹ هەزار و ۴۹۴ دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێک؛
•پێکهاتەی کورد زۆرینەی دەنگەکانی پارێزگاکەی بردووەتەوە بە ۱۶۰ هەزار و ۳۷۰ دەنگ.
• پێکهاتەی عەرەب بە پلەی دووەم دێت بە ۱۲۰ هەزار و ۶۷۲ دەنگ.
• پێکهاتەی تورکمان پلەی سێیەمی هەیە بە ۴۵ هەزار و ۷۷۳ دەنگی
• سەربەخۆکانیش ۸۲ هەزار و ۶۷۹ دەنگیان بەدەستهێناوە.
پەرتەوازەبوونى کورد و لێکەوتەکانی
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەناوچە جێناکۆکەکان بەگشتی و شاری کەرکووک بە تایبەتی بۆ کورد هەڵبژاردنێکی چارەنوساز دەبێت بە تایبەت کە کورد لەدوای روداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ۲۰۱۷وە پۆستی پارێزگاری شارەکەی لەدەستداوە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گرنگە بۆ گەڕانەوەی ئەو پۆستە بۆ کورد بەڵام ململانێ حزبیەکان و پەرتەوازەبوونی کورد بۆ کۆمەڵێک لیست و قەوارەی جیاوازو ناتەبا سەرەتایەکی نەرێنیە بۆ ئەو هەوڵەو دەرگاکان بۆ هێزە باڵادەستەکانی بەغداد واڵا دەکات بۆ گۆڕینی ئەو ئەمری واقیعەی لەکەرکووک سەپاندویانە بۆ شەرعیەتی سندوقەکانی دەنگدان و کۆتایهێنان بە هەژمون و پێگەی سیاسی کورد لەو شارە.
دابەشبونی کورد لە کەرکووک ئەگەر لەڕووی ژمارەی دەنگ و کورسیشەوە کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبێت ئەوا لە دوو خاڵی جەوهەریدا لێکەوتەی دیاری دەبێت:
یەکەم؛ لاوازی لایەنە کوردییەکان دەردەخات بۆ گەیشتن بە لێکنزیکبوونەوەیەکی هاوبەش، بەتایبەت لە پرسێکی گرنگی نەتەوەیی و پەیوەست بە "خاک"، ئەگەری قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانیش زیاتر دەکات بە تایبەت ڕەنگدانەوەی دەبێت لە سەر دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش، سەرباری ئەوەی جۆرێک لە بێهیوایی لای هاوڵاتیانی کورد لە پارێزگای کەرکووک دروست دەکات و دوور نییە ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی ڕێژەی بەشداری کورد لە هەڵبژاردن.
دووەم؛ بەپێی ماددەی ۱۹ی هەمواری یاسای هەڵبژاردن "هیچ پەرلەمانتارێک یان ئەندامێکی ئەنجومەن یان حزب یاخود کوتلەی براوەی هەڵبژاردن ناتوانێت بگوازێتەوە بۆ هاوپەیمانی یان حزب یاخود کوتلەی دیکە تا دوای پێکهێنانی حکوومەت یان هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی". ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی گەورەترین کوتلەی نێو ئەنجومەنی پارێزگا، کاندیدی خۆی پێشکەش بکات بۆ پۆستی پارێزگار، بێگومان ئەو کوتلەیەش پێکهاتەی کوردی نابێت، ئەگەر کورد بە پەرتەوازەیی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکات.
کەرکووک و پێکهاتەکانی تر
حەوت هاوپەیمانی لە پێکهاتەکانی تر کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسیەکانی پارێزگاری کەرکووک دەکەن کە سێ هاوپەیمانی سوننەکان و هاوپەیمانێتیەکی شیعەو هاوپەیمانێتیەکی تورکمان دوو هاوپەیمانی هێزە مەدەنیەکانن.
-هاوپەیمانی القیادة کە هاوپەیمانی محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەرە.
-هاوپەیمانێتی العروبة هاوپەیمانێتی نێوان عەزم و بەرەی عەرەبی یەکگرتووە بەسەرۆکایەتی موسەنا سامەڕایی و وەسفی عاسی.
-هاوپەیمانێتی العربي فی کرکوک کە سێ حزبی عەرەبی سوننە لەخۆ دەگرێت و راکان جبوری سەرۆکایەتی دەکات.
-هاوپەیمانێتی الاطار الوطنی هاوپەیمانێتی نوری مالکی، هادی عامری، هومام حەمودی، عەمار حەکیم .
-هاوپەیمانێتی بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو کە هاوپەیمانێتی ۸ پارتی تورکمانیە
-هاوپەیمانێتی الائتلاف الوطنیە بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی
-هاوپەیمانێتی المدنی الدیموقراطي بەسەرۆکایەتی عەلی کازم
شیعەکان بەسەر سێ هاوپەیمانێتی گەورەدا دابەشبون بەچەندین ناوی جیاواز لە۱۵ پارێزگاکەی عێراق بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن هاوکات سوننەکانیش بەسەر پێنج هاوپەیمانێتی دیاردا دابەشبون کە هاوشێوەی شیعەکان لە زۆرینەی پارێزگاکەی عێراق لە ژێر ناوی جیاواز و هاوپەیمانێتی جۆراوجۆر بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکەن.
هاوپەیمانێتی شیعەکان
- هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات ۱۲ حزب لەخۆدەگرێت و لە ۱۰ پارێزگای عێراق بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکات.
- هاوپەیمانێتی الاطار الوطنی کە نوری مالیکی و هادی عامری و عەمار حەکیم و هومام حەمودی پێکیانهێناوەو لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکووک بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
ئەم هاوپەیمانێتیە لەگەڵ چەند حزبێکی تردا بەناوی هاوپەیمانیالحدباء الوطنی لەپارێزگای نەینەواو هاوپەیمانی دیالتنا الوطنی لە پارێزگای دیالە بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکات.
- هاوپەیمانی قوی الدولة کە عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی و باقر جەبر سۆلاغ و چەند کەسایەتیەکی تر پێکیانهێناوەو لە ۱۰ پارێزگای عێراق بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات.
هاوپەیمانێتی سوننەکان
- هاوپەیمانیتقدم الوطني کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات و لە پارێزگاکانی بەغدادو نەینەواو ئەنبارو دیالەو سەڵاحەدین بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
- هاوپەیمانی القیادة کە هاوپەیمانی خەمیس خەنجەرو محەمەد حەلبوسیەو لە بەسرەو واست و کەرکووک و بابل بەشداری هەڵبژاردن دەکات و محەمەد تەمیم سەرۆکایەتی دەکات.
- هاوپەیمانی العقد الوطني کە چوار حزب لە خۆدەگرێت و خالید عەبدولواحید سەرۆکایەتی دەکات.
- هاوپەیمانی الحسم الوطني سابت مەحەمەد عەباسی سەرۆکایەتی کات و لەهەر ۱۵پارێزگاکەی عێراق بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
- هاوپەیمانی عزم العراق کە موسەننا سامەڕائی سەرۆکایەتی دەکات و لە بەغداد و دیالە و ئەنبار و نەینەوا بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
Your Comment