هەرێمی کوردستان كراوه‌ته‌ قوربانیى
من منۆكێى چه‌ند به‌رپرسێكى نابه‌رپرس

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌میندارى گشتیى یه‌كگرتوى ئیسلامیی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "نه‌زانكاریى‌ و نادڵسۆزیى واى له‌م وڵاته‌ كرد و به‌م دۆخه‌ى گه‌یاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌میانى وتارێكدا له‌11مین كۆنگره‌ى ڕێكخراوى گه‌شه‌پێدانى قوتابیانى كوردستان، سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌میندارى گشتیى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان وتارێكى پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند: "هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى‌ و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، به‌زنجیره‌یه‌ک له‌ قه‌یران‌ و كێشه‌ى گه‌وره‌دا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وه‌ى زیاتر یه‌خه‌مان ده‌گرێت، كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌، هه‌رێمێک كه‌ ده‌یان ساڵ خه‌باتى بۆكراوه‌ و خوێنى بۆِ رژراوه‌ و شۆڕشى بۆ كراوه‌ و ئه‌مڕۆش كه‌ هاتۆته‌ به‌رهه‌م، كراوه‌ته‌ قوربانى ناكۆكى‌ و ناته‌بایی‌ و من منۆكێى چه‌ند به‌رپرسێكى نابه‌رپرس، به‌داخه‌وه‌".

جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌، "هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ له‌ بۆشایى یاساییدایه‌، ئه‌وه‌ بۆ جارى دوه‌مه‌ په‌رله‌مانى كوردستان ته‌عتیل ده‌بێت، یان دۆخێك ئه‌سازێنن كه‌ په‌رله‌مان نه‌مێنێت، له‌جیاتى قه‌درزانینى ئه‌و ده‌زگایه‌و كارى په‌رله‌مانیی، دۆخێک دروست ده‌كه‌ن كه‌ په‌رله‌مان بوونى نه‌مێنێت، كه‌ ئه‌ویش نه‌ما، هه‌موو ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ سیادیه‌كانى دیكه‌ش ده‌بنه‌ كاربه‌ڕێكه‌رو ماوه‌به‌سه‌رچوو، ئه‌مه‌ش سه‌قه‌تی‌و عه‌یبداریه‌كى گه‌وره‌یه‌ دواى زیاتر له‌30 ساڵ گه‌لى كوردستان حاڵى واى لێهاتبێت كه‌ قه‌زاربێت‌و بازاڕى كه‌ساس بێت‌و بێزاریش هه‌موو گه‌نجى ئه‌م وڵاته‌ى گرتبێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش حاڵى دارایی‌ و ئیداریى‌ و سیاسییه‌كه‌ى بێت، په‌یوه‌ندیه‌كانیشى ئه‌وه‌بێت كه‌ ناتوانین بڵێین په‌یوه‌ندیی، زیاتر له‌ پابه‌ندى مه‌شبوهـ ده‌چێت، به‌داخه‌وه‌ نه‌ده‌بوو وابێت".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "نه‌زانكاریى‌ و نا دڵسۆزى واى له‌م وڵاته‌ كردوه‌ و به‌م دۆخه‌ى گه‌یاند، دڵم نایات شتى تر بڵێم ئه‌گینا شتى تریش هه‌ڵده‌گرێت، ده‌بوو هه‌ڵبژاردن بكرێت به‌ڵام نه‌كراو دواخرا، ئه‌و بێئومێدیه‌ى كه‌ هه‌یه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ كارى له‌سه‌رده‌كرێت به‌رده‌وام بێت، تاكڕه‌وى‌ و هه‌ركه‌س بۆخۆى هه‌ركه‌س له‌ده‌ڤه‌رو زۆنى خۆى، هه‌مه‌ كاره‌ بێت‌و له‌به‌ریشى بڕوات، ئه‌مه‌ حاڵه‌تێكى ناته‌ندروسته‌و به‌رهه‌مه‌كه‌شى زۆر خراپ ده‌بێت".

باسى له‌وه‌ش كرد، "وه‌كوو یه‌كگرتووى ئیسلامى هه‌رگیز به‌م حاڵه‌ته‌ ڕازیى نین، ناشبێت ڕازیى بین، بێگومان ئێمه‌ تاقمى بڕوخێ بڕوخێ نه‌بووین‌ و ناشبین، به‌ڵام وه‌ختێک ده‌بینین حاڵه‌ته‌كه‌ به‌ره‌و داڕووخانه‌، ده‌بێت ئێمه‌ش قسه‌ى تێدا بكه‌ین‌و هه‌ڵوێستمان ببێت، ده‌بێت كارى له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌وه‌ش به‌ ئه‌ده‌بیات‌ و شێوازى تایبه‌ت به‌كارى یه‌كگرتوى ئیسلامى، یه‌كگرتوو ناڕازیه‌ به‌هه‌موو نادادیه‌كانى كه‌ هه‌یه‌، یه‌كگرتوو ناڕازیه‌ به‌هه‌موو پابه‌ندى‌و نۆكه‌رایه‌تیه‌ک كه‌ هه‌یه‌، ناڕازین به‌ سووتاندنى به‌رهه‌مى ده‌یان ساڵه‌ى خه‌ڵكک و خه‌باتگێڕانى كوردستان".

زیاتر له‌و ڕوه‌وه‌ وتى: "ئێمه‌ ئه‌م قه‌واره‌یه‌ به‌پێویست ده‌زانین‌ و كاریشى له‌سه‌رده‌كه‌ین، به‌ڵام نه‌ک به‌هه‌ر نرخێک بێت، نه‌ک ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى تاپۆى خه‌ڵكێک بێ‌و ئه‌وانى دیكه‌ش به‌ده‌وریا بسوڕێنه‌وه‌، ئه‌م قه‌واره‌یه‌ قه‌واره‌ى گه‌لى كوردستانه‌، به‌رهه‌مى ڕه‌نجى خه‌ڵكى كوردستانه‌".

News Code 221799

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha