بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆشیار زێباری لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی روودا رایگەیاندووە، دادگای فیدراڵی لە ئێستادا دەرگایان واڵایە بۆ نەوەی نوێ و بە وتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتیش، نەوەی نوێ هەر سکاڵایەک دەکات ئەوا دادگاکە بە دڵی ئەوان دەکات.
پێشتر نەوەی نوێ چەند جارێک سکاڵای لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار کردووە و لەماوەی رابردوودا، لە رێگای سەرۆکی جوڵانەوەکە و سەرۆک فراکسیۆنەکانی جوڵانەوەکە لە بەغدا و هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای لەسەر دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد. دواتر، لە رۆژی ٣٠ ئایاری ئەمساڵ لەسەر سکاڵاکەی نەوەی نوێ دادگای فیدڕاڵی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و بەوەش حکومەتی هەرێم بووە کاربەڕێکەر و پەرلەمانیش بووە هەڵوەشاوە و سەرۆکایەتی هەرێمیشی کردە ماوەبەسەرچوو.
لەدوای پەسەندکردنی یاسای بوودجەش لە پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای ئەم مانگەدا نەوەی نوێ رایگەیاند، تانە لە پرۆژەیاساکە دەدەن بەوەی بڕگەی ١٤ بەبێ جێگیرکردنی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەخۆران تێپەڕێندرا، لەکاتێکدا دەنگی پێویستی هەبوو.
Your Comment