قوباد تاڵەبانی داهێنەری پاشەکەوتی مووچە بووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو کەسەی کە داهێنەری بیرۆکە و بڕیاری پاشەکەوتی مووچە بووە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەریوان قەرەنی بە باسنیوز-ی راگەیاندووە، لەم ڕۆژانەدا یەکێتی زۆر قسە لەبارەی پاشەکەوتی مووچەوە دەکات، ئەویش لەپێناو شاردنەوەی هەوڵەکانی بۆ لاواز کردن و لەتکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و داپۆشینی ئەو هەموو دزی و گەندەڵییەی بەدرێژایی زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە داهات و موڵک و ماڵی گشتیی سلێمانی کردووێتی.

ناوبراو گوتیشی: با خەڵکی کوردستان بزانن، قوباد تاڵەبانی داهێنەری بیرۆکە و بڕیاری پاشەکەوتی مووچە بووە، بۆیە پێش هەر کەسێکی دیکە، پێویستە ئەو بۆ خەڵکی کوردستانی روون بکاتەوە، بۆچی مووچەی خەڵکیان پاشەکەوت کردووە؟

باسیشی لەوە کرد، پێشتر خودی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دانی بەوەدا ناوە کە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی بڕینی بوودجەکەی لە لایەن عێراقەوە، لەژێر فشاردا بووە و بەناچاری پەنای بۆ زۆر ڕێگە بردووە، یەکێک لەو ڕێگانە، پاشەکەوت کردنی مووچەی فەرمانبەرانە.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی بەبێ پاشەکەوت کردن داوە، هەر مووچەیەک پاشەکەوت کرابێت لە سەردەمی کابینەکانی پێشوو بووە کە قوباد تاڵەبانی تێیدا جێگری سەرۆک وەزیران بووە، تەنانەت ئەو خودی خۆی داهێنەری بیرۆکە و بڕیاری پاشەکەوتی مووچەیە، بۆیە باشتر وایە یەکێتی لەجیاتی موزایەدەکردن بەسەر خەڵکەوە، داوا لە قوباد تاڵەبانی بکات ڕوونکردنەوە بۆ خەڵک بدەن لەسەر ئەوەی بۆچی مووچەکانیان پاشەکەوت کردوون؟

مەریوان قەرەنی باسیشی لەوە کرد کە پارتی هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پارەی بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام "ئەوان دەیانەوێ تەنیا بڕگەیەک بێت بۆ کێشە دروستکردن لەبەردەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەگینا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین پارە بۆ پاشەکەوتی مووچە تەرخان بکەن".

News Code 221627

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha