بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بۆ دەنگی ئەمریکای جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە: لە کۆتاییدا هەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای بوودجە ڕێکدەکەون و هەرلایەکیان دەستبەرداری هەندێک لە خواستەکانیان دەبن.
مەتڵەبی ڕاشیگەیاندووە: "سەرکردایەتی لایەنە شیعەکان پابەندن بە ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ هەرێم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە یاخیبوون هەیە لای هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران."
هەروەها وتیشی "سەرکردەکانی شیعە پەیوەندی ستراتیژیان لەگەڵ هەولێر هەیە، بەڵام یاخیبوونی ئەو پەرلەمانتارانە مایەی گرفتە."
سەبارەت بەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی سەربە لایەنە شیعەکان چۆن پابەندی بڕیاری حزبەکانیان نابن، کە حزبەکانیان ناردوونیاننەتە پەرلەمان و ڕێککەوتنیان بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ لایەنە کوردییەکان هەیە، سەعد مەتڵەبی دەڵێت: "ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی سەر بە شیعەکان خاوەن ڕای خۆیانن و گوێڕایەڵ نین، دۆخەکە لە بەغدا جیاوازترە وەک لە کوردستان، کە پەرلەمانتار پابەندە بە بڕیاری حزبەکەیەوە."
ئەو وتیشی: "پەرلەمانتارە شیعەکان جۆرێک لە ئازادییان هەیە، وەک بینیمان دژی هەندێک بڕیاری سەرکردایەتی لایەنە شیعەکانیش بوون."
دەربارەی مەترسییەکانی کورد لە ئایندەی هەرێم و زیانی پرۆژە یاسای بودجە لە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، سەعد مەتڵەبی وتی: "وەک چۆن کورد ترسی هەیە، هەندێک لایەنی شیعی و سونیش ترسیان لە هەرێم هەیە، خۆ ڕیفراندۆم دوور نیە و هەموومان لە بیرمانە."
مەتڵەبی وتیشی "هەندێک لە سەرکردەکانی شیعە لەسەر بردنە دەرەوەی نەوت و پاڵپشتی کردنی حزبە کوردیەکانی ئێران و تورکیا متمانەیان بە ئیدارەی هەرێم نییە، لە هەردوولاوە هەم لە هەرێم و هەم لەبەغداش بێ متمانەیی هەیە."
Your Comment