قسەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی جدی نەبوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت هیچ پرۆژەیەکی فەرمی لە ئارادا نییە بۆ یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین مەلا قەرە، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە: ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ یەکێتی هەیە بە تایبەت لە ڕێککەوتنی دەباشان و ڕێککەوتنی ساڵی ۲۰۲۱ کە پێکەوە بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان کرد."

هەروەها وتیشی: "یەکێتی وەک پێویست نەهاتە پێشەوە تا متمانە دروست ببێت و پێکەوە بۆ خزمەتی خەڵک کاری هاوبەش ئەنجام بدەین."

ڕۆژی هەینی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا سەردانی گردی زەرگەتەی کرد بۆ سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا و وتی "ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم تا بەهەموو لایەک رابگەیەنم یەکێتی ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو ڕێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان."

سەفین مەلا قەرە دەڵێت: "ئەوەی بافڵ تاڵەبانی وتی هەر قسەیە، هیچ شتێکی فەرمی لە بارەی یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نەکراوە، گەر بەفەرمی داوا بکەن وەڵامێکیان ئەدەینەوە، کاک بافڵ هەمیشە ئەم قسانە دەکات، ئێمە قسەکەیمان زۆر بە ڕژد وەرنەگرتووە، چوونکە قسەکەی ئەویش جددی نەبوو."

سەفین مەلا قەرە دەشڵێت: "زۆر بەگەرمی کار لەسەر گێڕانەوەی ناڕازییەکان بۆ ناو گۆڕان و ئەوانەش دەکەین ڕۆژێک لەگەڵمان کاریانکردووە، هەوڵیش دەدەین لەگەڵ حزب و گرووپ و ڕێکخراوە ناڕازییەکان بەرەی گەل دروست بکەین، بە تایبەت ئەو لایەنانەی لەدەسەڵاتدا نین."

سەبارەت بەوەی گۆڕان بەشدارە لە حکوومەتدا، ئایا ئەو لایەنانەی لەدەرەوەی حکوومەتی هەرێمن ئامادەن لەگەڵ گۆڕان پێکەوە بەرەیەکی هاوبەش دروست بکەن، سەفین مەلا قەرە دەڵێت: "مەرج نییە لەگەڵ حزب بەشدار بین، چەندین گرووپ و ڕێکخراوی مەدەنی ناڕازی هەن بۆ کاری پێکەوەیی."

هەروەها وتیشی: "پێمانوایە ئەو نەخشە ڕێگەی گۆڕان هەیەتی بۆ حکوومەتی دامەزراوەیی دەبێت خەڵک بگەڕێتەوە سەری، چوونکە پرۆژەو نەخشە ڕێگاکانی گۆڕان لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندان".

News Code 221484

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha