پاشهاتە نەرێنییەکانی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بۆ کوردەکان

بەشی جیهان- بەڕای ئاژانسی ڕۆیترز ماوەی دوو ساڵە ئەردۆغان سیاسەتی تەنگەژەخولقێنی لە ناوچەکە وەلا ناوە جگە لەبەرامبەر کوردەکانەوە. بۆیەش تەنها کوردە لە دوبارەی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان نیگەرانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی تورکیا بە سەرکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا و کەمال کڵیچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن چووە قۆناغی دووهەمەوە. پاش دوو هەفتەش بڕیارە هەڵبژاردنێکی دیکە بەڕێوە بچێت.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیترز ئاماژەی داوە بەوەی کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا 49%ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و بە دووری نەزانیوە لە خولی دووهەمیشدا بەسەر کڵیچدارئۆغڵدا سەربکەوێتەوە.

ئەم ئاژانسە ڕایدەگەیەنێت سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا زیانی کوردەکانی تێدا دەبێت چوونکە ئەوەی وەبیر هێناوەتەوە کە ئەردۆغان ماوەی چەند ساڵە وێڕای تۆختر کردنی سەرکوتی کوردەکانی تورکیا، هێزی سەربازی ناردە باکووری کوردستانی عێراق و چەند ناوچەشی لە کوردستانی سووریا داگیر کرد.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیترز دەڵێت هۆکاری یەکگرتنی کوردەکانی تورکیای لەدژی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ ترسی کوردەکان لە درێژەی سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی ناوبراو لەدژی ئەوان دەگەڕێتەوە.

ئەم ئاژانسە هەواڵییە ئاماژەشی داوە بەوەی کە حکوومەتەکەی ئەردۆغان ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە و پێی وایە ئەردۆغان ناتوانێت بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتە تەنگەژەخولقێنەکانی ڕابردووی و ماوەی دوو ساڵە  سیاسەتی ئاشتەوایی لەگەڵ ئیمارات و سعوودیە، گرتۆتە پێش و بەنیازە ئەم سیاسەتەش لەبارەی سووریا بەکار بێنێت.

ئاژانسی ڕۆیترز هۆشداریی داوە لەوەی کە نابێت چاوەڕێ بکرێت کە ئەردۆغان ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێتەوە سیاسەتێکی لەو شێوەیە سەبارەت بە کورد بگرێتەبەر.

کوردانی سووریا و عێراق بە ئەم ئاژانسە هەواڵییەیان ڕاگەیاندووە، دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بە مانای بەردەوام بوونی تێڕوانینی ئەمنی تورکیا بۆ کورد و پەرەسەندنی هێرشەکانی حکوومەتەکەی بۆ سەر کورد دەبێت.

هەروەها بیلال وەهاب، شرۆڤەکاری پرسەکانی کورد لە پەیمانگای واشنتۆن بە ئاژانسی ڕۆیترزی ڕاگەیاندووە، ڕەنگە ئەردۆغان بۆ دووبارەی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جیهانی تورکیاوە دوای ئیمتیاری نوێ لە هەولێر و بەغدا بکات.

News Code 221458

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha