بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میحرابیان ڕاشیگەیاند لەبارەی دۆسییەی ئاوەوە لەگەڵ عێراق چەند رێککەوتنێکمان واژۆ کردووە و "کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ ئاو گرنگیی بە لایەنەکانی هونەری و یاسایی و ئیدارەدانی کاروباری سەرچاوە ئاوییەکانی لە ناوچەکە دا".
عەلی ئەکبەر میحرابیان ئاشکراشی کرد لیژنەی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق کە بەرپرس بوو لە تاوتوێ کردنی دۆسییەی ئاو لە ساڵی ٢٠١٢ەوە کارەکانی راگرتبوو، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە رێککەوتنێکی نوێ واژۆکرا و لیژنەکە دەستی بەکارەکانی کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ عێراق رێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی چەند وێستگەیەکی ئاوی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەم کارەش ئەندازیارە ئێرانییەکان سەرپەرشتی دەکەن.
ناوبراو وتیشی، پێویستە بابەتی ئاو لە نێوان عێراق و ئێران بە سیاسی نەکرێت، چوونکە پرسی ئاو بابەتێکی هەرێمی و کۆمەڵایەتی و هونەری تەواوە.
وەزیری وزەی ئێران باسی لەوەش کرد، ئاماژەکانی بارانبارین لە ناوچەکەدا دەریان خستووە رێژەی بارانبارین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و کەشوهەواش گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە.
وەزیری وزەی ئێران دەشڵێت، ئێران وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکەدا، چەند وڵاتێکی دراوسێی هەیە، هەربۆیە پێویستە لە رووی وزەوە ئاڵوگۆڕی هەبێت، ئەمەش سوودی بۆ بەرژەوەندی ئابووری گەل و وڵات دەبێت.
Your Comment