دەرچوونی تیمی یەکێتی لە حکوومەت، هەنگاوێکی دروست نەبوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان، به‌شداريى گفتوگۆيه‌کى سێیەم ڕۆژی دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە بەغدا کرد و لەبەشێکی وتەکانی ئاماژەی بە دەرچوونی تیمی یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی حکوومەت کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی لە دانیشتنەدا و له‌ وه‌ڵامى پرسيارى ڕۆژنامه‌وانيدا ده‌رباره‌ى به‌شداري نه‌کردنى تيمي يه‌کێتى له‌ کۆبوونه‌وه‌کانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى کوردستاندا، ڕایگەیاند: ئەگەر بە ڕاشکاوی قسە بکەم، بە ڕای من پێموانییە دەرچوونی تیمی یەکێتی لە حکوومەت، هەنگاوێکی دروست بووبێت.

ناوبراو درێژەی دا یەکێتی بەشداری سەرەکییە لە حکوومەت، بەشداری سەرەکییە لە  پێکهێنانی ئەم حکوومەتە. ئێمە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای ئاشتبوونەوە پێکەوە هەنگاوی زۆر گەورەمان ناوە. کێشە هەبوونە، بەڵام هەنگاوی زۆر گەورەش چووینەتە پێش.

بارزانی ڕاشیگەیاند: خوا لێی خۆش بێت جەنابی مام جەلال لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی، پێکه‌وه‌ هەنگاوی زۆر گرنگیان ناوە. یەکێتی بە دەرچوونیان لە حکوومەت و نەهاتنیان بۆ ناو کۆبوونەوەکان، بە ڕاستی نە خزمەتی یەکێتیان کردووە، نە خزمەتی هەرێمی کوردستانیشيان کردووه‌. چوونکە کە تۆ یەکێک لە بەشدارە سەرەکییەکانی حکوومەتی، دەتوانیت قسەکانی خۆت لەناو حکوومەتدا بکەیت. ئەگەر کێشەش هەیە، دەتوانیت لەناو حکوومەتدا چارەسەریان بۆ بدۆزیتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت: ئێستا ئەگەر لە من بپرسی، من دەڵێم بەڵێ. من بۆ خۆم داوام کردووە و پێمگوتوون بگەڕێنەوە، سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمى کوردستانيش داوای کردووە. ئێستاش دەڵێم، شوێنی چارەسەری کێشەکان، ناو ئەنجومەنی وەزیرانە. داوا دەکەم بەغداش دەبێ یارمەتيی ئێمە بدات بەوەی کە ئەم کێشەیە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت و بگەڕێنەوە بۆ ناو حکوومەت، ئەگەر قسەشیان هەیە، هه‌ر لەناو ئەنجومەندا بیکەن.

ناوبراو وتیشی: حەز دەکەم کە جەنابی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش یارمەتيی ئیمە بدات بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. چوونکە ئەم کێشەیە نە لە بەرژەوەندیی یەکێتییە، نە لە بەرژەوەندیی کوردستانە و نە لە بەرژەوەندیی عێراقیشدايە.

News Code 221382

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha