خەڵکی سڤیلی هەرێم قوربانیی سەرەکیی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیان

بەشی جیهان- ئاژانسی فرانس‌پرێس لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، بەشێک لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی شەڕی PKKوە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە گەمارۆ دراون و چەندین جار ئاگر بەردراوەتە کێڵگە و ماڵەکانیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی فرانس‌پرێس لە ڕاپۆرتەکەیدا کە لە یەکێک لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر سنووری تورکیاوە، ئامادە کراوە ڕایدەگەیەنێت: زۆربەی هاووڵاتییانی کوردی عێراق بە هۆی بەردەوامیی تۆپبارانەکانی سەر گوندەکەیان بە بیانووی بوونی هێزەکانی پەکەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە.

هەر بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، گوندی هێرۆری ​​لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر سنووری تورکیا، بەتەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیادایە، چوونکە سوپای تورکیا بنکەی سەربازی لەسەر بەرزاییەکانی بەرامبەر ئەم گوندە دروست کردووە.

بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی ئەم گوندە کە دەیان ساڵە شایەتحاڵی ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بووە، ناوچەکەیان بەجێهێشتووە و ڕوویان لە شوێنەکانی دیکە کردووە.

بە وتەی بەشێک لە بەساڵاچووانی دانیشتووانی گوندەکە، کە تاکە کەسانێکن لە هێرۆری ماونەتەوە بەهۆی بوونی هێزەکانی تورکیا و ئاگری ململانێکانەوە، ناتوانرێت ئاژەڵداری و کشتوکاڵ لەم گوندەدا بکرێت، ئەگەری چۆڵ کردنی هێرۆری بە تواوێتی لە ئانوساتدایە.

فرانس‌پرێس ئاماژەشی داوە بە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی کوردی عێراق لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا و نووسیویەتی: خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان قوربانیی سەرەکیی شەڕی نێوان PKK و سوپای تورکیان.

News Code 221372

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha