بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا جیهاد حەسەن، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە باسنیووز-ی راگەیاند: سلێمانی تووشی قەیرانی گەورە بووە، یەکێک لەوانە پارەی داهاتی ئەو شارە بە ئاشکرا دەدزرێت، سایتێکیان بۆ خەڵەتاندنی خەڵک بە ناوی شەفافیەت داناوە، بەڵام "لەپشتەوە ئەو ژمارانەی بڵاو دەکرێنەوە، ژمارە راستەقینەکان نین، بۆ نموونە، لە سایتی شەفافیەت دەنووسرێت ئەمڕۆ سلێمانی 5 ملیار دینار داهاتی هەبووە، ئەمە ئەو ژمارەیە کە یەکێتی خۆی بڕیاری لێداوە بخرێتە سەر سایتەکە، بەڵام لە پشتەوە رەنگە 10 ملیار دینار داهات هەبێت".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، یەکێتی بەرپرسیارە لە کەمبوونەوەی داهات و لێدان لە ئابووریی دەڤەری سلێمانی، "باس لەوە دەکرێ داهاتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رۆژانە ملیارێک دینار بووە، ئێستا دوای ئەوەی پەکەکەیان هێناوەتەوە ناو فڕۆکەخانە و تورکیاش سزای داون، داهاتی ئەو فڕۆکەخانەیە بۆ زیاتر لە نیوە کەمی کردووە، باشە کێ بەرپرسە لەوەی ئابووریی سلێمانی بەم شێوەیە لێی بدرێت؟ دواتر زانیاریی هەیە کە لە دەرەوەی مەرزەکانی سلێمانییەوە، مەرز و بازگەی پەکەکە هەیە، کە ئەمە زەرەر لە داهاتی سلێمانی دەدات، جیا لەوەش، نەمانی پارەی لە بانکەکانی سلێمانی، یەکێتی رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکاتەوە، چۆن پارە لە هەولێرەوە دەچێتە سلێمانی و لەوێ لە بانکەکان دیار نامێنێـت؟"
بە بڕوای مەلا جیهاد، جگە لەوەی دەبێ پەرلەمان لەسەر دۆخی سلێمانی بێتە سەر هێڵ، هاوکات "کاتی ئەوەیە یەکێتی شکستهێنانی خۆی لە ئیدارەدانی سلێمانی ڕابگەیەنێت و ڕێگە بە حکوومەت بدات بە شێوەیەکی یاسایی و درووست دەڤەرەکە ئیدارە بدات، چونکە تا ئەو کاتەی سلێمانی لەژێر چنگی چەتە و مافیاکان دەرنەهێندرێت، دۆخی ئەو دەڤەرە لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئارامییەوە هەرگیز چاک نابێت".
Your Comment