ناسنامەی عێراقی بۆ ئەندامانی باڵا و گریلاکانی پەکەکە دروست کراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تۆڕێکی پسپۆڕ لەبواری ساختە کردنی ناسنامە، ناسنامەی عێراقییان بۆ گریلاکانی پەکەکە لە عێراق دروست کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کرد، ئەو تۆڕە لە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی "شنگال" بوون ناسنامەی عێراقیی ساختەیان بۆ گریلا و کادرەکانی پەکەکە دروست کردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بەرپرسانی عێراقی ئاشکرایان کردووە، ئەو تۆڕە لە 6 کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەر بە بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی شاری شنگال پێکهاتوون و سەرجەمیان هاوکار و لایەنگری پەکەکە بوون.

لەبارەی ئەو دۆسیەوە ماجید شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری شنگال بە ئاژانسەکانی هەرێمی کوردستانی گوتووە: "تاوەکوو ئێستا پێنج بۆ شەش کەس لەسەر ئەو بابەتە دەستگیر کراون؛ بەشێکیان لە مەخموور و لە ناوچەی دیکە دەستگیر کراون. ژمارەیەکی زۆر ئەندامی پەکەکە هەن کە خەڵکی عێراق نین. هەندێک کەس و فەرمانبەر بە ساختە هەڵدەستن بە دروست کردنی ناسنامەی ساختە بۆیان بۆ ئەوەی کێشەیان بۆ دروست نەبێت".

 ئەو پارلمانتارە سەبارەت بە وردەکاریی بابەتەکە، گوتوویەتی: "ئەو کەسانەی کاری ساختەکارییەکە دەکەن ناسنامەی ئەو کەسانەی رۆیشتوون بۆ ئەورووپا یان مردوون بۆ ئەندامانی پەکەکە چاک دەکەن، تەنیا وێنەیان لەسەر ناسنامەکان دادەنێن. ئێمە لەسەر ئەو بابەتە چەند جارێک داواکارییمان پێشکێشی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و پەرلەمانی عێراق کردووە".

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەو کەسانە ناسنامەی ساختەیان بۆ دەیان کەس دەرکردووە و باس لەوەش دەکرێ کە ژمارەیەک لە ساختەکارەکان لە عێراق هەڵاتوون و خۆیان گەیاندۆتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە لە کوردستانی سووریا.

 دادگەی دووی هێزەکانی ناوخۆ لە پارێزگای نەینەوا سزای پێنج ساڵ و شەش مانگ زیندانی کردنی بۆ یەکێک لەو فەرمانبەرانەی بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی باری شارستانیی شنگال دەرکردووە.

News Code 221317

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha